مەسرور بارزانی لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول: شۆڕشێکی نیشتمانی و هەمەلایەنی کوردستان بوو
“یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە”. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شۆڕشی ئەیلوول “شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو”. جەختیش دەکاتەوە، شۆڕشەکە لە پێناو داکۆکیکردن بووە لە خاک و خەڵکی کوردستان. ئەمڕۆ چوارشەممە، 11/9/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 63ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی “شۆڕشی مەزنی ئەیلوول” پەیامێکی بڵاو کردەوە و گوتی، “شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو، بە سەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر”. یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کردووە، ، “یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لەپێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان”. بە گوتەی مەسرور بارزانی، “بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی و وەستانەوە بەرانبەر ستەم و بێدادی، هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمانە، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان”. دەقی پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: ئەمڕۆ شەست و سێ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو، بە سەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر. یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لەپێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان. بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی و وەستانەوە بەرانبەر ستەم و بێدادی، هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمانە، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان. لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرە بەشدارەکانی شۆڕش لە هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی کوردستان. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2024/9/11