واشنتن پۆست: هێزێکی بچووکی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی عێراق عێراق ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا دەکات بۆ ئەوەی تاوەکوو ساڵی 2026 زۆربەی هێزەکانی بکێشێتەوە، بەڵام هێزێکی بچووکی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە بۆ پارێزگاریی هەرێمەکە لە هەڕەشە و هێرشی گرووپە میلیشیاکان.
ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی بەرپرسانی ئەمەریکی و عێراقی گفتوگۆیان لەسەر کردووە و لەم هەفتەیەدا چەند وردەکارییەکی ڕێککەوتنەکەیان ئاشکرا کراوە، لە دوو ساڵی داهاتوودا ئەمەریکا زۆربەی هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە، بەڵام هێزێکی بچووکی لە هەرێمی کوردستان بەجێ دەهێڵێت.
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق ئاشکرای کردووە، بەغدا و واشنتن گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی ڕیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق کە 10 ساڵ لەمەوبەر بۆ شەڕ دژی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا دامەزراوە و نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق جێگیر کراون.
بە گوتەی وەزیری بەرگری عێراق، قۆناغی یەکەم ئەم ساڵ دەست پێ دەکات و تاوەکوو ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت و قۆناغی دووەمیش لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.
هەر لە بارەی ڕێککەوتنەکانەوە، بەرپرسێکی باڵای سوپای عێراقی کە نەیویستووە ناوی بڵاو بکرێتەوە، ئاشکرای کردووە، بڕیارە هێزێکی بچووکی سەربازانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و ئەرکیان زامنکردنی ئاسایشی هەرێمەکە دەبێت لە دژی هێرش و هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکان کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەسەڵاتێکی فراوانیان هەیە.
لەلایەن خۆیەوە جەنەراڵ پاتریک ڕایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری پێنجشەممە 12ی ئەیلوولی 2024 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەتی کردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو زانیارییانە بدات کە بەرپرسانی عێراق لە بارەی ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق باسیان کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتن و بەغدا لە دانووستاندان بۆ گۆڕینی ڕۆڵی ئەمەریکا لە عێراق، لە هێزی سەربازییەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دیبلۆماتیی و بازرگانییەکان.