هیومان ڕایتس وۆچ: “جوانێن شۆرەشگەر” منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی چەکدارەکانی هەسەدە دەکەن

هیومان ڕایتس وۆچ:"جوانێن شۆرەشگەر" منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی چەکدارەکانی هەسەدە دەکەن

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ساڵی 2023دا لانیکەم 231 حاڵەتی چەکدارکردنی منداڵان، لەلایەن هەسەدە و لقەکانیەوە ئەنجامدراون.

ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس وۆچ (HRW) ڕایدەگەیەنێت، تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاڤا، منداڵان دەڕفێنێت و تێکەڵ بە ڕیزی گرووپە چەکدارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان دەکات. ئەمەش واقیعێکی توندوتیژییە و کاریگەری نەرێنی درێژخایەنی جەستەیی و دەروونی لەسەر ئەو منداڵانە دادەنێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی HRW، “جوانێن شۆرەشگەر”، ژمارەیەک کچ و کوڕی تەمەن 12 ساڵانیان لە بنەماڵە و قوتابخانەکانیان ڕفاندووە و تێکەڵ بە گروپە چەکدارەکانیان کردوون و ڕێگا بە بنەماڵەکانیشیان نادەن کە پەیوەندیی بە ڕۆڵەکانیانەوە بکەن.

لەوبارەوە ئادەم جۆگلی، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەفریقای HRW، گوتوویەتی: “هەرچەندە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڵێنیدا کۆتایی بە هەموو جۆرە چەکدارکردنی منداڵان بهێنرێت، بەڵام پرۆسەی چەکدارکردنی منداڵان هێشتا هەر بەردەوامە و ئەمەش خەمساردیی هەسەدە لەو بارەوە دەردەخات. حکومەتی دیفاکتۆش هیچ هەنگاوێکی لە هەمبەر گرووپی جوانێن شۆرەشگەر نەناوە”.

جۆگلی گوتیشی: “پێویستە هەسەدە ڕێوشوێنی دەستبەجێ و چارەنووسساز بگرێتەبەر بۆ ئەوەی هەموو ئەو گروپانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەودا کار دەکەن پابەندی بڕیارەکان بن و منداڵان چەکدار نەکەن”.

لە ڕاپۆرتەکەی “HRW”دا هاتووە: “جوانێن شۆرەشگەر لەگەڵ ئەوەی کە گرووپێکی چەکداریش نییە، بەڵام لە قووڵایی پێکهاتە سیاسی و سەربازییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەردا جێگە دەگرێت و منداڵان تێکەڵ بە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە هەسەدە دەکات”.

ڕێکخراوی چاوەدێریی مافەکانی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە کە: “چەکدارکردنی منداڵان دژی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە. بەپێی دەستووری ڕۆمای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، چەکدارکردن یان بەکارهێنانی منداڵان بەوشێوەیە، تاوانی جەنگە”.

هیومان ڕایتس وۆچ ڕاشیگەیاند کە لە ڕێکەوتی 26ی تەباخدا نامەیەکیان بۆ هەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر ناردووە و تێیدا داوای زانیارییان لەسەر ڕۆڵی گرووپی جوانێن شۆرەشگەر لە چەکدارکردنی منداڵان و پلان و هەنگاوەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کردووە. بەڵام ئەوا هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە”.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەرجەم لایەنەکانی شەڕی لە سووریا بە چەکدارکردنی منداڵان تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە 231 حاڵەت لەو حاڵەتانەی کە لە ساڵی 2023دا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاست کراونەتەوە، لەلایەن هەسەدە و لقەکانیەوە ئەنجامدراون”.

هەروەها “ڕێکخراوی سووری بۆ ڕاستی و دادمەندی”یش لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مانگی تەمموزی 2023دا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا لانیکەم 43 حاڵەتی چەکدارکردنی منداڵان لەلایەن جوانێن شۆرەشگەرەوە ئەنجامدراوە.

پوستێن ھەمان بەش