ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان و چەند قسەیەک

بڕیارە لە ڕێکەوتی 20ی ئۆکتۆبەردا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. ژمارەیەک حزب و لایەنی جیاواز و کاندیدی “سەربەخۆ”، بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن. حزبێکی وەکوو پەدەکە بە پشت بەستن بە مێژووی خۆی، باسی ئارامی، ئاوەدانی و خۆڕاگری دەکات، یەنەکە باسی ڕووخاندن و لەناوبردنی حکوومەت دەکات و حیزبە ئیسلامیەکانیش هیچ پڕۆژەیەکی ئەوتۆیان نییە و تەنها ئەوە نەبێت کە بە لایەنگرانی خۆیان دەڵێن توورەکەکانتان بۆ پڕ دەکەین لە خێر!

بەڵام پارتەکانی ئیسلامی سیاسی، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر وڵات دروست دەکەن و مێژوو شایەتی بۆ ئەم قسەیە دەدات. چونکە لە هەر وڵاتێکدا کە حزبێکی گرێدراو بە ئیسلامی سیاسیی گەیشتبێتە دەسەڵات، وڵاتەکەی بەرەو لاوازی و فەلاکەت بردووە. میسر، یەمەن، ئەفغانستان، ئێراق، سوودان و هتد… چەند نموونەیەکی بەرچاون.

بۆچی دەڵێین حزبەکانی ئیسلامی سیاسی مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر کۆمەڵگە؟ چونکە ئەم حزبانە ئازادییە تاکەکەسییەکان سنووردار دەکەن، دەستوەردان لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا دەکەن، مەنهەجی پەروەردە بەپێی ڕەوتە فیکری و عەقیدەییەکانی خۆیان دەگۆڕن و خوێندنی وانەی بابەتە ئایینیەکان لە قوتابخانەکاندا زیاد دەکەن و تا دەتوانن خویندنی بابەتە زانستیەکان کەم دەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگە لە سەردەمی جیهانی مۆدێرن و پێشکەوتوو، دوور بخەنەوە.

ئەم پارتە ئیسلامییە سیاسیانە پەیوەندی دیپلۆماسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی دیپلۆماتیکی نێوان دەوڵەتەکاندا دروست ناکەن، بەڵکوو پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای دوژمنایەتی و کێبڕکێ لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە دادەنێن و وەکوو دوژمن سەیریان دەکەن، ئەمەش زۆر لە سیاسەت بەدوورە.

کەموکووڕییەکانی لایەنە ئیسلامییە سیاسییەکان زۆرن و ئەگەر هەتا سبەی باسیان بکەین، هێشتا ناتوانین تەواوی بکەین. با بگەڕێینەوە سەر حزبەکانی ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان، کە دەیانەوێت بە دروشم و پڕوپاگەندەی درۆیین، کورسی زیاتر لە پەرلەمانی کوردستان بەدەستبهێنن. حیزبە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان کە پاشکۆی میسر، ئێران و تورکیان و لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە هیچ درۆ و چەواشەکارییەک سڵ ناکەنەوە. لە درۆکردن بەناوی خودا و پێغەمبەرەوە بگرە هەتا درۆکردن بەناوی پێشمەرگەوە، بەهیچ شیوەیەک شەرم ناکەن و وەکوو کەسێک کە هیچ بڕوایەکەی بە ڕۆژی قیامەت نەبێت، وەکوو کەسێک کە باوەڕی بەوە نەبێت درۆ کردن گوناحێکی کەبیرەیە، بەتایبەتیش ئەگەر لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکی خۆیاندا بێت، هەر درۆیەکیان بە سەر زماندا بێت نایگێڕنەوە.

با دوو نموونە لە دەرەوەی ئەم حزبانەی ئیسلامی سیاسی باس بکەین:

کاتێک لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، لافاو لە شاری دهۆک هەستا و ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان زیانیان بەرکەوت، هەمووان بینیان کە فەرماندە مەنسور بارزانی، کوڕی سەرۆک بارزانی، یەکسەر کەوتە جموجووڵ و چالاکی و هاوکاریی لێقەوماوانی کرد. لە یەکەم شەودا خەڵکی لێقەوماوی لە باشترین هۆتێلەکانی دهۆکدا جێگیر کرد، پارە و زیاتر لە 118 یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر لێقەوماواندا دابەش کرد، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگەکانی کوردستاندا، سەرجەم شەقام و کۆڵانەکانی دهۆکی لە پاشماوەکانی لافاو پاک کردەوە و تا ئەو جێگایەی کە لە توانایدا بوو، هاوکاریی کرد. بەڵام ئێستا حیزبە ئیسلامییەکان چی دەڵێن؟

یەکێک لە کاندیدەکانی “کۆمەڵی دادگەری” کە حزبێکی ئیسلامی سیاسییە، لەوبارەوە دەڵێ: “کاتێک لە دهۆکدا لافاو هات، ئەوە کادیر و دامەزراوە خێرخوازییەکانی ئێمە بوون کە بە هانای خەڵکی دهۆکەوە چوون. ئەوە دەسەڵات نەبوو، ئەوە ئێمە بووین”. دیارە کاتێک کە دەقیڕێنێت و ئەوە باس دەکات، بۆخۆشی بڕوای بە قسەکەی خۆی نیە، چوونکە هەموو کەس بە چاوەکانی خۆیان لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بینیان کە کێ بوو بە هانای خەڵکی لێقەوماوەوە چوو.

دەڵێن ئێمە بە خوێنی خۆمان ئەم وڵاتە دەپارێزین، بەڵام کاتێک داعش هێرشی کرد و باشوور کەوتە مەترسییەوە، هیچیان ئامادە نەبوون بچنە سەنگەری پێشمەرگە و بەرگری لەم خاکە بکەن. نەک تەنها چەکیان هەڵنەگرت، بەڵکوو بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی پێشمەرگەیان نەکرد، تەنانەت تاقە یەک ڕاگەیاندراویشیان دژ بە تیرۆریستانی داعش بڵاو نەکردەوە، قەت نەیانگوت داعش زاڵمن و کافرن، چونکە هیوایان بەوە بوو کە باشوور بکەوێتە دەست داعش و دەیانویست داعش ئەوان وەک ئەمیری متمانەپێکراوی خۆی لە شوێنێک دابنێت و ئەوانیش بتوانن فکری خاوەنەکانیان واتە “ئێران و تورکیا و ئیخوان ئەلموسلمین”، لەوێ پیادە بکەن.

لە باشووری کوردستان حیزبەکانی ئیسلامی سیاسی باس لە ئومەت دەکەن، باسی یەکسانی و برایەتی دەکەن، باسی عەداڵەت و دادپەروەری دەکەن. بەدەنگی بەرز دەڵێن “ئێمە برای موسڵمانین”، بە ناوی ئیسلامەوە پشتیوانی لە فەلەستین و ناوچەکانی دیکەی جیهان دەکەن، بەڵام کاتێک تورکیا و ئێران پەلاماری باشوور دەدەن، بێدەنگ دەبن و ئیدانەیان ناکەن، چوونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە، خاک وڵات پیرۆز نین.

کادیرانی ئەو پارتە سیاسییە ئیسلامیانە لە میدیاکانەوە دەردەکەون و بە دەنگی بەرز دەقیڕێنن کە لێرە دیموکراسی نییە، ئەمە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە، دادپەروەری نییە، بەڵام تێناگەن کە ئەو قیرەقیڕ و ئەو قسانەی ئەوان بۆخۆی نیشانەی هەبوونی دیموکراسییە. ئەگەر دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین لە باشووری کوردستان نەبایە، ئەوان نە دەیانتوانی حیزبێک دروست بکەن و نە دەشیانتوانی لە میدیاکاندا بەمشێوەیە قسە بکەن.

بەکورتی دتوانین بڵێین، ئەگەر خەڵکی باشوور بیانەوێت ژیانێکی باش بژین و باشووریش وەک غەززە وێران نەکرێت، هاوشێوەی ساڵی 2012 کە ئیخوان ئەلموسلمین لە میسر هاتە سەر دەسەڵات، ئازادییە تاکەکەسییەکان زنجیر نەکرێن، وەکوو سوودان شەڕێکی ئایینی ناوخۆیی سەرهەڵنەدات، ئەزموونی ئیسلامی سیاسی لە توونس و جەزائیر تەجروبە نەکەن، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان لەناو نەبەن و بەرەو عەرەببوون نەڕۆن، نابێ دەنگ بە حیزبە ئیسلامییەکان بدەن.

بەڵێ زۆرینەی کورد موسڵمانن، موسوڵمانەتییەکی پاک و بێگەریان لە باوباپیرانی خۆیانەوە وەرگرتووە و فەریزە ئایینییەکانی خۆیان بەتەواوی جێبەجێ دەکەن. کورد پێویستیی بەوە نیە کە حیزبێکی ئیسلامی سیاسیی، ئەوان فێری ئاینی ئیسلام و نیشتمانپەروەری بکات.

پوستێن ھەمان بەش