بۆچی “بەڵێ” بۆ لیستی ژمارە 190ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی؟

بڕیارە لە ڕێکەوتی 20ی ئۆکتۆبەردا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. هەرکەسێک دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان پێویستە بزانێت کە کوردستان وڵاتێکی سکاندیناڤی نییە. کوردستان لە نێو ئەو گێژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەوڵدەدات لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت، لەناو جوگرافیایەکدایە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە دەورە دراوە و شەڕ بەردەوامە. بۆیە نابێت هەڵبژاردن بۆ قسەی خۆش و بەڵێنی ڕۆمانسی و کەسایەتی ناڕازی بێت، بەڵکو پێویستە دەنگ بە لایەنێکی بەئەزموون و بەهێز و متمانەپێکراو بدرێت کە بەڕاستی دەتوانێ کورد لە ئاگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕزگار بکات.

لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستان بیت یان نا، دەبینیت ئەو لایەنەی کە لە نێوان بەغدا و تاراندا ناتوانرێ بشکێنرێت، وەکوو دیپلۆماتکارێک لەسەر مێز دادەنیشێت و دانوستان دەکات و تەسلیم نابێت، ئەوە لیستی پەدەکەیە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی.

بەڵێ بۆ لیستی ژمارە 190، چونکە لیستی بزووتنەوەی بارزانییە. ئەم لیستە ،هەڵوێستی کورد و داواکاری ئازادییە کە لە ئەحمەد خانیەوە بۆ شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری و لە ئەوانەوە بۆ بارزانی گوازراوەتەوە. چونکە ئەم لیستە هەڵوێست و ئەزموونی بزووتنەوەیەکی سیاسییە کە دژی پەیمانی لۆزان وەستایەوە کە کوردی دابەشکرد و ئەو پەیمانەی ڕەتکردەوە. دەنگدان بەم لیستە، دەنگدانە بە کوردستانیبوون.

لەم هەڵبژاردنەدا پەدەکە تەنیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ ناکات، بەڵکوو کێبڕکێ لەگەڵ ئەو هێزە داگیرکەرانە دەکات کە پاڵپشتی ئەو حزبانە دەکەن و لەگەڵ ئەو بریکارانەشدا کێبڕکێ دەکات کە لە بەرەی دژ بە کوردستاندان. پەدەکە کێبڕکێ لەگەڵ ڕژێمی شیعەی بەغدا دەکات کە دەیهەوێت قەوارەی کوردستان بەرتەسک بکاتەوە و تەنانەت لەناوی ببات و لە جیاتی کوردستانیبوون، عێراقیبوون بسەپێنێت. ئەو لەگەڵ نادادپەروەری دادگای فیدراڵی عێراقدا کێبڕکێ دەکات، کە سیستەمی هەڵبژاردنەکانی گۆڕی بۆ ئەوەی هێز و دەسەڵاتی پەدەکە تێکبشکێنێت.

پەدەکە لەگەڵ هەوڵەکانی دەوڵەتی ئێراندا کێبڕکێ دەکات کە بافڵ تاڵەبانی زەق دەکاتەوە و دەیهەوێ بەسەر کوردانیدا بسەپێنێت. ئەو لەگەڵ میدیای پەکەکە لە ئیستانبووڵدا کێبڕکێ دەکات کە لە ئیستەنبوڵەوە و بەپێی ئەجێندای دەوڵەتی قووڵی تورکیا دەیهەوێت کورد بکاتە دوژمنی بارزانیەکان. ئەو کێبڕکێ لەگەڵ پارتەکانی بەناو ئیسلامی دەکات کە بە پشتیوانی ئێران و تورکیا بۆ لاوازکردنی شوناسی نەتەوەیی کورد لە ئایین وەکو ئامراز کەڵک وەردەگرن. لەگەڵ شاسوار و بافڵدا کێبڕکێ دەکات کە لەلایەن لۆبییە ناوخۆیی و ناوچەیی و ڕۆژئاواییەکانی دژە کوردەوە سەیقەل دەدرێن.

سەیر بکەن، لە پشتی هەموویانەوە هێزێک هەیە کە چاوی بە کوردستان هەڵنایەت. ئەو هۆکارانەی کە سەددام 8 هەزار بارزانیی بە زیندووی خستەژێر خاکەوە، چ بوون، ئەمڕۆکەش داگیرکەران بە هەمان هۆکار، دژایەتی بارزانیەکان دەکەن. چونکە لە 150 ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی ماندوونەناسانەیان لە خەباتی سەربەخۆیی کوردستاندا گێڕاوە و ئێستاکەش ئاڵای سەربەخۆیی و ئازادیی لەکوردستاندا، لەلایەن بارزانیەکانەوە هەڵگیراوە و ئەوان هێزی ئەوەیان هەیە کە ئەم ئاڵایە بەرز ڕابگرن.

ئەگەر ئەمڕۆکە حیزبەکانی دیکە باسی کوردستان دەکەن، بەهۆی هەبوونی پەدەکەوەیە. ئەگەر پەدەکە نەبێت، ئەوانە بە بێ ئەوەی باسی کوردستان بکەن، خۆیان ڕادەستی بەغدا دەکەن. هەر بەم هۆیەوە، هەر کەسێک کە ئازادیخوازە و لە دژی بەعێراقیبوونی کوردستانە، چ لایەنگری پەدەکە بێت و چ نەبێت، پێویستە دەنگ بە لیستی ژمارە 190 بدات.

ئێوە دڵسۆزی پەدەکە بن یان نا، ئەگەر دەتانهەوێت منداڵەکانتان لە کوردستانێکی مۆدێرن و ئارامتردا بژین، پێویستە پشتگیری لیستی ژمارە 190، واتە مەسرور بارزانی بکەن. مەسرور بارزانی نوێنەری مۆدێرنی بزووتنەوەی بارزانییە، بزووتنەوەیەک کە مێژوویەکی زیاتر لە 130 ساڵەی هەیە.

حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە هەلومەرجێکی سەختدا دەستبەکاربوو. بەڵام بە حیکمەتی دیپلۆماتیکی خۆی، دوای داگیرکردنی کەرکوک، تۆزی مردووی لە سەر کوردستان تەکاند و کوردی بەرەو ئایندەیەکی گەشاوەتر برد.

لە سەردەمی سەرۆکوەزیریی ئەودا، بەغدا وەک شێوازێک لە شەڕی نەرم، مووچەی بڕی و هەوڵیدا بە بژاڤێکی ناوخۆیی حکومەت تەسلیم بکات، بەڵام شکستی هێنا.

حیزبە بەکرێگیراوەکانی وەک پەکەکە 9 پێشمەرگەیان شەهید کرد و ئاگریان لە بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک بەردا، بەڵام دیسان شکستیان هێنا.

یەنەکە زۆرجار وەکوو شانتاژ، خۆی لە حکوومەت کشاندەوە و هەوڵیدا کارەکانی حکوومەت پەکیان بکەوێت، بەڵام دیسانیش شکستیان هێنا.

ئێران چەند جارێک بە مووشەک، هەولێری کردە ئامانج، بەڵام دیسانەوە نەیانتوانی مەسرور بارزانی ببەنە سەر خەتی خۆیان.

مەسرور بارزانی گەمارۆی سەر خۆی و حزبەکەی و حکومەتەکەی بینی و سەرەڕای هەموو ئیستفزازییەک، بەشێوەی ژیرانە جووڵایەوە و نیشانی دا کە دەوڵەتمەدارێکی جدییە و ناکەوێتە داوی دوژمنانەوە. بە ڕێوشوێنی دیپلۆماتیک، حکومەتی هەولێری بووژاندەوە. دەستی کرد بە بنیاتنانی سیستمێک لەسەر بنەمای پەرەپیدان بە کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی و شۆڕشێکی ئابووری نەتەوەیی لە کوردستاندا بەرپا کرد. ژێرخانێکی بەهێز و سیستەمێکی گواستنەوە و ڕێگاوبانی بنیات نا.

لە هەر لایەنێکەوە بتانهەوێ سەیری بکەن، ئەو کەسەی کە دەتوانێت لە ئایندەیەکی دژواردا بەرپرسیارێتی ئەم حکومەتە لە ئەستۆ بگرێت، مەسرور بارزانییە.

دەگوترێت، کاتێک مرۆڤ لە ڕووبارێک دەپەڕێتەوە، ئیدی پێویست بەوە ناکات کە ئەسپەکەی بگۆڕێت، لەم دۆخی هێرش و شەڕەشدا، پێویست ناکات حکوومەت بگۆڕدرێت. لەبەر ئەوەی کە هەرکەسێک بیر داهاتووی خۆی و وڵاتەکەی بکاتەوە، جا چ ئەندامی پەدەکە بێت یان نا، پێویستە دەنگ بە لیستی ژمارە 190ی پەدەکە بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی بدات. لیستی ئاوەدانی، لیستی خۆڕاگری، لیستی خۆنەچەماندن و لیستی داهاتوویەکی ئازاد بۆ خاک و نیشتمان.

پوستێن ھەمان بەش