“پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ڕێگا بۆ هەرێمی کوردستان خۆش دەکات کە دام و دەزگا دیموکراسییەکانی بەهێز بکات”.
هەریەک لە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا پێشوازی لە بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داوای زوو دەستپێکردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکەن.
ئالنا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کرد.
ڕۆمانۆوسکی گوتی: “کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق چاودێری دەنگدانیان دەکرد لە ناوەندەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان”.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هەروەها سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پابەندبوونیان بە پرۆسەی دیموکراسی.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق داوای پێکهێنانی حکوومەتی کرد بە بێ دواکەوتن و ڕایگەیاند: “حکوومەت بەبێ دواکەوتن پێک بهێنن، پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ڕێگا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆش دەکات کە دام و دەزگا دیموکراسییەکانی بەهێز بکات و مافەکانی مرۆڤ بەرەو پێش ببات و برەو بە گەشەپێدانی ئابووری بدات و خۆڕاگریی هەرێمی کوردستان پتەو بکات”.
فەرەنسا: بە بەشداری بەرفراوان لە دەنگداندا دڵخۆشین
پاترجک دوڕەل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) نووسیویەتی: باڵیۆزخانەی فەرەنسا پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی یاسایی لە هەرێمی کوردستاندا دەکات، کە لە 20ی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەچوو.
دوڕەل گوتیشی: “ئەم دەنگدانە هەنگاوێکی سیاسی گرنگە بۆ هەرێمی خۆبەڕێوەبەر و عێراق بە گشتی”.
بەریتانیا داوا دەکات بەم نزیکانە حکومەت پێکبهێنرێت
کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X”، پێشوازی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.
کونسوڵخانەی بەریتانیا ڕایگەیاند: “بەشداریکردنی ڕێژەیەکی بەرز لە هەڵبژاردندا، پەیامێکی بەهێزی پشتیوانییە بۆ نوێبوونەوەی ڕەوایەتیدانی دیموکراتیک”.
لە درێژەی پەیامەکەی کونسولخانەی بەریتانیادا هاتووە: “چاوەڕێی ئەوەی کە بە زووترین کات پەرلەمان دەستبەکار ببێت و حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت”.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی 18/10/2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20/10/2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی سەدا 70ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.