ئۆجەلان دەیهەوێت پەکەکە چەک دابنێت و دۆخی ئەو بگۆڕدرێت!

ئۆجەلان دەیهەوێت پەکەکە چەک دابنێت و دۆخی ئەو بگۆڕدرێت!

“بە بێدەنگکردنی چەکەکان و سڤیلیزەکردنی پەکەکە، کورد دەتوانێت لە کەشێکی دیموکراتیکتردا داواکارییەکانی خۆی بهێنێتە زمان و خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانی بکات”.

✍️ دارا بلەک

دوای ئەوەی باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ بەرپرسانی “پارتی دەم” لە پەرلەماندا دەستی دایەوە و سڵاوی لێکردن، دواتر لە لێدوانێکی دیکەیدا گوتی؛ با ئۆجالان بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی “پارتی دەم” (DEM) قسە بکات و ڕایبگەیەنێت، “تیرۆر کۆتایی پێهاتووە و پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە”…

ئەمەش لە ڕۆژەڤی سیاسی تورکیا و باکوری کوردستاندا وەک دەسپێکی قۆناخێکی نوێ دانرا. میدیای کوردی زۆر سەرنجی لەسەر ئەم بابەتە بوو و زۆرێک لە کەسایەتی و سیاسەتمەدار و لایەنە سیاسییەکان بۆچوونی خۆیان لەو بارەیەوە دەربڕی. تەنانەت هەندێک کەس ئیدیعای ئەوە دەکەن کە دەوڵەت لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا بە ڕێککەوتنێک گەیشتوون و ئۆجەلان پرۆتۆکۆلی ڕێکەوتنەکەی بۆ قەندیل ناردووە و دەڵێت ئەگەر ئێوە قبووڵی دەکەن، بیکەن، بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێوە قبووڵیشی نەکەن، ئێمە ڕێککەوتنمان کردووە و من ئێوە ڕەت دەکەمەوە.

بێگومان ئەمە تا ئەم خاڵە، تەنها ئیدیعایە، بەڵام ئیدیعایەکی هەڵە و بەتاڵیش نییە و پێویستە لە زۆر ڕووەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. لێرەدا هەڵویستی “دەم پارتی” و پەکەکە زۆر گرنگە. جگە لەوەش هەڵوێستی سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پێشووی هەدەپە زۆر بە ڕوونی ڕاگەیەندرا. کاتێک چالاکییە چەکدارییەکەی پەکەکە لە ئەنقەرە ئەنجامدرا، دەمیرتاش بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و گوتی: “ئەو عەقڵیەتەی کە هەوڵدەدات بە خوێن کۆتایی بە گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ کێشەکانمان بهێنێت، پێویستە بزانێت ئەگەر ئۆجەلان دەستپێشخەری بکات و بیهەوێت ڕێگا بۆ سیاسەت بکاتەوە، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە لە پشتیەوە دەبین. ئێمە هیچ ڕێبازێک قبووڵ ناکەین کە سیاسەتی دیموکراتیک و گەڕان بەدوای ئاشتیدا لەناو ببات و بێ ئیرادەی بکات. پێویستە هەموو کەسێک بەو پێیە حیساباتی خۆی بکات. ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین ئەوانەی ئاشتییان دەوێت، سەرکوت بکرێن”.

بەڵام هەڵوێستی DEM هێشتا ڕوون نییە. ئاشکرایە کە هەڵویستی بەڕێوەبەریی پەکەکە بە کۆدەنگییە، چونکە هەر جارێک باسی پێویستی پرۆسەیەکی نوێ و هەڵوێستی ئۆجەلانیش دەکەن، بە زوڵالی نایخەنە ڕوو. دەڵێن: با ئۆجەلان قسە بکات تا بزانین چی دەڵێت. هەڵبەت یەکێک لە پارلمانتارانی “پارتی دەم” کە برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلانە کاتێک سەردانی ئیمرالی کرد، بە ڕوونی پەیامی ئۆجەلانی بە بەرپرسانی DEM گەیاند. بەڵام تا ئێستاش هەڵوێستی قەندیل ڕوون نییە. بەرپرسانی پەکەکە هەندێک لێدوان دەدەن و بەجۆرێک باس لەوە دەکەن کە “بڕیاری چەکدانان، هی ئۆجەلان نییە، بەڵکوو هی سەرکردایەتی پەکەکەیە و هی ئەو کەسانەیە چەکیان لەدەستدایە”.

ئەگەرچی پەکەکە دەڵێت چالاکییەکەی ئەنقەرە هیچ پەیوەندیی بەم پرۆسەیەوە نییە، بەڵام زۆر ڕوونە کە ئەم چالاکییە، بەجۆرێک وەڵامێکە بۆ هەڵوێستی شەخسی ئۆجەلان. لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی پرۆسەیەکی دەستپێنەکراو.

لەم ڕووەوە نابێت ڕۆڵی چەپەکان لە ناو “پارتی دەم”دا پشتگوێ بخرێت. لەناو DEMدا هەڵویستی چەپ و پەروەردەی چەپی تورکیا زۆر گرینگە.

چەنگیز چاندەر، پارلمانتاری “دەم پارتی” لە ئامەد، بە نوێنەرایەتی DEM لە پەرلەمان وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا، ڕووداوەکەی قەهرەمانکازانی ئەنقەرەی وەکو “ڕووداوێکی تیرۆریستی” ناوبرد. ئەمەش زۆر سەرنجڕاکێش بوو. چونکە ئەندامانی هەدەپە/دەم، ئەگەرچی زۆر چالاکیی چەکداری پەکەکەیان پەسند نەکردووە و تا ڕادەیەک ئیدانەیان کردووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بە “تیرۆریستی” ناوی دەبەن.

لە لایەن دەوڵەتەوە پەیامەکان ڕوونن، دەڵێن ئەمە پرۆسەی چارەسەری نییە، ئەمە پرۆسەی “لەناوبردنی تیرۆرە”.

 بەڵام داواکارییەکی گشتی لە نێو سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکاندا هەیە کە دەڵێن ئەم شەڕە شەڕێک نییە کە قازانجێکی بۆ دۆزی ئازادیخوازیی کوردستان هەبێت، بە پێچەوانەوە کورد بەهۆی ئەم شەڕەوە زیانی پێدەگات. پێویستە پەکەکە یەکلایەنە دەستبەرداری چەک بێت و تێکەل بە خەباتێکی سیاسی مەدەنی بێت بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گفتوگۆ و سیاسەتێکی دیموکراتیک فەراهەم بکات.

لە ڕاستیدا، سەرەتا قسەکانی باخچەلی و لێدوانەکانی لەم بارەوە شۆکێکی لێکەوتەوە. هیچکەسێک لەو بڕوایەدا نەبوو کە لێدوانێکی لەو شێوەیە لەلایەن باخچەلییەوە بدرێت. ئەوەش سیاسەتی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک بوو کە تەنها لە زاری باخچەلیەوە هێنایانە زمان. باوەڕێک هەبوو کە ئەردۆغان بەپێویستی زانیوە کە هەنگاو هەڵبگرێت، بەڵام باخچەلی گەورەترین بەربەست بووە. دەرکەوتووە کە ئەردۆغان بە شێوازێک لە شێوازەکانی خۆی ئەمەی چارەسەر کردووە.

ئێستا ئەو ڕووداوانەی لەم ڕووەوە ڕوویانداوە، کراوەن. هەر کەس و لایەنێک قسەی خۆی دەکات. بەر لر هەر شتێک بڕیاردەرەکانی شەڕ، لە تورکیا و کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نایانهەوێت پەکەکە چەک دابنێت. لەوانەیە کاریگەریی هەندێک لایەن بەسەر ڕێبەرایەتیی پەکەکەوە، زیاتر بێت لەو کاریگەرییەی کە ئۆجەلان لەسەر بەڕێوەبەرانی پەکەکە هەیەتی.

من پێم وایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەم “پرۆسە”یە بە دوا دەرفەتی خۆی دەبینێت و دەیهەوێت پەکەکە دەستبەرداری چەکەکانی بێت و بارودۆخەکەی ئەو بگۆڕدرێت. ئەگەر پەکەکە داواکارییەکەی ئۆجەلان ڕەت بکاتەوە، ئۆجەلان ئامادەیە پەکەکە ڕەت بکاتەوە. ئەوجا ئەمە لە ڕووی سیاسەتی پەکەکەوە چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، دیار نیە.

لە لایەکی ترەوە ئەم پرۆسەیە زۆر کراوەیە، ئەم پرۆسەیەی کە باسی لێوە دەکرێت، پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە. پڕۆسەی “ئازادکردنی ئۆجەلان و تەسوییەکردنی پەکەکە”یە.

چونکە دەوڵەت دەزانێت ئۆجەلان و پەکەکە بەتەنها خۆیان، نوێنەرایەتی هەموو کوردەکانی باکوری کوردستان ناکەن. جگە لە پەکەکە، حزبی سیاسی دیکەش هەن، ڕێکخراوی مەدەنی کوردیش هەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە جەماوەرێکی کورد هەیە کە سیاسەتی پەکەکە ڕەتدەکەنەوە، هەروەها بەشێک لە کوردیش هەن کە ئەگەرچی ئیدیعای چارەسەری دەکەن، بەڵام زیاتر لە سیاسەتی دەوڵەتەوە نزیکن. پێویستە ئەمە بە جددی وەربگیرێت.

خاڵێکی دیکەش هەیە کە جگە لە هەندێک کردەی ناوبەناو شەڕی پەکەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە باشووری کوردستاندایە. لە ئێستادا هێزە چەکدارەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستانن. پێویستە ئەمەش ببیندرێت کە شەڕی سوپای تورک و گەریلاکانی پەکەکە لە باشوورە.

لەبیرمان نەچێت سیاسەتی دەوڵەت سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستانیش، هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ دەستپێکردنی ئەم دیالۆگە.

لە داهاتوودا گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن و سەرنجی زۆرتر لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکرێت. بەڵام هێشتا ماوەیەکی دەوێت تا ئەنجامی ئەم دەستپێشخەرییە ڕوون بێتەوە.

بەڵام من پێم وایە بە هەموو شێوەیەک بێدەنگکردنی چەک و سڤیلیزەکردنی پەکەکە، دەبێتە سەرەتای ئامادەکردنی زەمینەیەکی باشتر و تا ڕادەیەک دیموکراتیکتر بۆ سیاسەت لە ڕێگەی دیالۆگ و بەکارهێنانی میتۆدی دیموکراتیک. کورد دەتوانێت لە کەشێکی دیموکراتیکتردا داواکارییەکانی خۆی بهێنێتە زمان و خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانی خۆی بکات.

پوستێن ھەمان بەش