ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سوریا هەمیشە لە بەرنامەی ئێمەدایە

“هێشتا هیوادارم لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆببمەوە و پێکەوە پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا بگەڕێننەوە سەر دۆخی ئاسایی”.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سوریا هەمیشە لە بەرنامەی کاری ئەواندایە و هەرکاتێک هەست بە مەترسی بکەن، ئامادەن هێرشەکانیان دەستپێبکەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دوای گەڕانەوەی لە لوتکەی COP29 لە باکۆ لە فڕۆکەکەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئەردۆغان سەبارەت بە پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانین لەگەڵ بەشار ئسەدی سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند کە هێشتا هیوادارە لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆببنەوە و پێکەوە پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا بگەڕێننەوە سەر دۆخی ئاسایی.
هەروەها وتی: “دەبێت ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی نێوان سوریا و تورکیا لەناو ببرێن و بناغەی دادپەروەری و ئاشتییەکی هەمیشەیی دابمەزرێنن”. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە “دەستیان درێژ کردووەتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگای ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا”.
ئەردۆغان هەروەها وتی: “تورکیا هەڕەشە نییە بۆ سەر خاکی سوریا، بەڵکو پەکەکە و پەیەدە و یەپەگە هەڕەشەن بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سوریا. دەبێت بەشار ئەسەد کەشێکی نوێ لە سوریا بنیات بنێت”.
سەبارەت بە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانی، ئەردۆغان گوتی: “هێرشە سەربازییەکان بۆ ئاسایش و ئارامی وڵاتەکەمان، هەمیشە لە ڕۆژەڤدان و هەرکات ئێمە هەست بە مەترسی بکەین، ئامادەین کە دەست بە ئۆپەراسیۆن بکەین”.
گوتیشی: “ناسەقامگیرییەکی تەواو لە باکووری سوریا هەیە، ئەمەش وایکردووە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان سوود لەوە وەربگرن و ئەو ناوچانە بکەنە پەناگەی خۆیان، ئەمەش هەڕەشەیەکی ئەمنییە بۆ تورکیا”.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشدا کە “هەموو هێرشە سەربازییەکانی دژ بە داعش و پەیەدە و یەپەگە و پەکەکە بۆ پاراستنی تورکیان”.