پێویستە بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاڤا، ناسنامەی پەکەکەیی بنێنە لاوە و ناسنامەی کوردستانی و ڕۆژئاڤایی خۆیان بکەن بە بنەمای کارەکانیان.
سێ مانگ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد تێدەپەڕێت، هەتا ئێستا SDF، MSD، یان بەڕیوەبەریی خۆسەر هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی یان بەڵگەنامەیەکی سەبارەت بە داواکارییەکانی کورد پێشنیار نەکردووە. لە گفتوگۆکاندا دەربارەی ڕۆژئاڤا، ئەو بەشەی نیشتمان کە ڕۆڵەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە گیانیان لەپێناویدا بەخت کردووە و لەپێناویدا خوێنیان ڕژاوە، هەرگیز ناوی کورد-کوردستان نایەت. هەسەدە چی بۆ کورد دەوێت؟ بۆ زمانی دایکی کوردی چی دەوێت؟ بۆ نەوتی ڕۆژئاوا چی دەوێت؟ کەس هیچ شتێک لەم بابەتانە نازانێت.
لە ڕێکەوتی 18ی شوباتدا پێکهاتەکانی پەکەکە (هەسەدە و مەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا) کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە لەسەر 8 خاڵ ڕێککەوتوون:
1- هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا.
2- یەکپارچەیی خاکی سووریا دەپارێزرێت.
3- سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کارا دەکرێن.
4- چەکدارە بیانییەکان دەکشێنەوە.
5- پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی سووریا پتەوتر دەبێت.
6- دان بە سەرۆکایەتی ئەحمەد “ئەل ـ شەرع”دا دەنرێت.
7- سەرجەم ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
8- بۆ جێبەجێکردنی ئەو 7 بڕیارەی سەرەوە میکانیزمێکی هاوبەش دادەنرێت.
ئەم 8 خاڵە چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان دیاری دەکات و ئەمانەش ئەو خاڵانەن کە ئیدارەی ڕۆژئاوا لە دیمەشق دانوستانیان لەسەر دەکات. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، لە هیچ کام لەو خاڵانەدا باسی کورد و ڕۆژئاوای کوردستان نەکراوە. تەنانەت بڕیارەکانی ئەم دیدارە گرینگە نەک لە لایەن کوردێکەوە بەڵکو لەلایەن عەرەبێکەوە بە ناوی “ئەبوو عومەر ئەل ـ ئیدلیبی”ـەوە ڕاگەیەندرا.
ئەگەر پێش ئەوەی دۆخی سوریا بەتەواوی ڕوون بێتەوە داوای ناسنامە و خۆبەڕێوەبەریی کورد نەکەیت و بەردەوام باسی “سووریای دیموکراتیک، یەکیەتی گەلان و هتد…” بکەیت، ئەوا ناتوانیت داوای هیچ بۆ کورد بکەیت. بازرگانیش بەو شێوەیە، کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەفرۆشیت سەرەتا نرخێکی زۆر دەخەیتە ڕوو و دواتر دایدەبەزێنیت. پێویستە ئێوە سەرەتا داوای نیمچە سەربەخۆیی بۆ کورد بکەن، بۆ ئەوەی دواتر بتوانن فیدراڵی یان ئۆتۆنۆمی بەدەست بهێنن.
هەندێک کەس دەڵێن “هەسەدە ناوی کورد و کوردستان بەکارناهێنێت بۆ ئەوەی کە لە ناوچەکەدا حەساسییەت دروست نەبێت”.
ئەم قسەیەش ڕاست نییە، چونکە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر و لە 15ی شوباتدا کە ئۆجەلان گەڕایەوە بۆ تورکیا، ئاڵدار خەلیل لە گۆڕەپانەکاندا دروشمی دەدا و بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: ” بە بێ سەرۆ ژیان نابێت، بە بێ سەرۆک سووریا دیموکراتیک نابێت”.
ئەوانەی کە دەڵێن “بەبێ ئۆجەلان ژیان نابێ” ناڵێن “بەبێ ڕۆژئاوای کوردستان ژیان نابێ”. ئەوانەی کە ئامادە نین واز لە ناوی ئۆجەلان بهێنن، بەداخەوە بە ئاسانی واز لە ناوی کوردستان دەهێنن. لە ڕاستیدا هۆکاری ئەم هەڵاتنە لە ناسنامەی کورد و کوردستانی ڕۆژئاڤا، کاریگەریی ئایدۆلۆژیا و سیاسەتەکانی ئۆجەلانە.
لە ڕێکەوتی 2ی شوباتدا، بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا ڕایگەیاند “دان بە کۆنفرانسی سەرکەوتندا نانێت”، لە “کۆنفرانسی سەرکەوتن”دا ئەحمەد ئەل ـ شەرع وەک سەرۆکی نوێی سوریا دەستنیشان کرا. ماوەی 15 ڕۆژ دوای ئەم ڕاگەیاندنە، هەمان بەڕێوبەریی خۆسەر، پیرۆزبایی لە ئەحمەد ئەل ـ شەرع کرد. ئایا لەم 15 ڕۆژەدا چی ڕوویدا؟ چی گۆڕا؟
ئەوەی گۆڕاوە ئەمەیە: نامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیشتنە دەست بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا و ئۆجەلان داوای لێکردن کە ناسنامەی کوردایەتی ڕۆژئاڤا بەرجەستە نەکەن. ئۆجەلان دەیهەوێ کە ناوچەی ڕۆژئاڤا تێکەڵ بە دیمەشق ببێت.
پێدەچێت دامودەزگاکانی سەر بە پەکەکە لە ڕۆژئاڤا ئەم هێڵەیان گرتۆتە بەر. هەر بۆیە کە لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەددا، بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا ـ بە ترسنۆکی ـ داوای یەکڕیزی لە کوردەکان کرد و وێنەکانی ئۆجەلانیان لابرد. ئێستا هەرچەندە ئەنەکەسە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا جیابووەتەوە، بەڵام هەسەدە گفتوگۆکانی یەکیەتی و یەکگرتوویی لەگەڵ ئەنەکەسە دواخستووە و بە تاقی تەنها خۆی دەڕواتە دیمەشق. جگە لەوەش جارێکی دیکە وێنەکانی ئۆجەلان لەسەر شەقامەکانی ڕۆژئاڤا هەڵواسرانەوە.
ئەگەر بەریوەبەریی ڕۆژئاڤا بە پێی پرسپێکتیڤەکانی ئۆجەلان بجووڵێتەوە، هەڵە دەکات. ئۆجەلان لەژێر پەردەی دیموکراتیزەکردنی تورکیادا، کوردایەتی باکووری کوردستانی لەناوبرد. ئێستاش دەیهەوێ لەژێر پەردەی دیموکراتیزەکردنی سووریادا دەیەوێت ناسنامەی کوردایەتی کوردانی ڕۆژئاڤای کوردستان بسڕێتەوە.
نابێ ڕۆژئاڤا چارەنووسی خۆی بخاتە دەست قەندیل یان ئۆجەلان و ئەجێندا شاراوەکانی پەکەکە.
نابێ ڕۆژئاڤا ببێتە ئامرازێکی موزایەدە بە دەستی قەندیل و ئۆجەلانەوە.
نابێ ڕۆژئاڤا سەرنجی لەسەر دیموکراتیزەکردنی سوریا بێت، بەڵکو پێویستە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی کورددا بجووڵێتەوە.
پێویستە ئەو کەسانەی کە لە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤادان، ناسنامەی پەکەکە بنێنە لاوە و ناسنامەی کوردستانی و ڕۆژئاڤایی خۆیان بکەن بە بنەمای کارەکانیان.