بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چی تێدا هەبوو؟

ئۆجەلان ماوەی 40 ساڵە لەلایەن دەڵەتی تورکەوە وەک “قەییۆم”ێک دەستنیشان کراوە و بەسەر کورداندا سەپێندراوە.

ڕاگەیاندراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پەکەکە کە ماوەیەکی زۆر بوو پڕوپاگەندەی بۆ دەکرا، بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە. بانگەوازەکەی ئۆجەلان سوپرایزێکی گەورە نەبوو، بەڵکوو درێژەی ئەو قسانەی بوون کە لە سەرەتای گەڕانەوەی بۆ تورکیا، کردبوونی.

ئۆجەلان بۆ تاقە جارێکیش ناوی کوردستانی نەهێناوە

لە کاتێکدا ئەندامانی پارتی دەم لە دەرەوە، شایی و گۆڤەندیان ساز دەکرد، ئەندامانی پارتی دەم لە ناوەوە هەستابوونە سەر پێ و چەپڵەیان بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان لێدەدا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، بۆخۆشیان نەیاندەزانی کە چەپڵە بۆ چی لێدەدەن. چونکە پەیامەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی لێدوانێک بوو کە جێگای قبووڵی کورد نیە.

ئۆجەلان داوای کردبوو کە پەکەکە کەوا 45 ساڵ لەمەوبەر بە دروشمی بنیاتنانی “کوردستانی یەکگرتوو و سەربەخۆ” دەستی بە خەبات کردووە، بەبێ ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، ئوتۆنۆمی، ئیدارەی ناوچەیی، یان شتێکی لەو جۆرەی دەستەبەر کردبێت و داوای بکات، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا داوای هیچی بۆ کورد نەکردووە، تەنانەت لە بانگەوازەکەیدا بۆ تاقە یاکجاریش وشەی “کوردستان”ی بەکارنەهێناوە و وشەی “کورد”یش تەنها دوو جار و ئەویش لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی “تورک ـ کورد”دا هاتووە. ئۆجەلان کە پەکەکە وەک “ڕێبەری گەلی کورد” دەیناسێنێت، نەیتوانی بڵێ کوردستان و نەیتوانی بڵێ کورد. تەنانەت داوای هیچیش بۆ کورد ناکات. دەوڵەت باخچەلی، نەتەوەپەرستترین و تورکپەرستترین کەسایەتی لە دەوڵەتی تورکدا، لە کاتی قسەکردندا لە ئۆجەلان زیاتر دەستەواژەی “کورد” بەکاردەهێنێت. ڕەنگە ئەگەر باخچەلی بانگەوازەکەی ئۆجەلانی نووسیبایە، داوای مافی زیاتری بۆ کورد دەکرد.

ئۆجەلان: شەڕی پەکەکە لە دوای ساڵانی 1990ـەوە پێویست نەبوو

لە وتارەکەی ئۆجەلاندا چەند خاڵێکی سەرەکی هەبوون:

1- ژیانی کورد بەبێ تورک مەحاڵە، پێکەوەژیانیان زەرووری و پێویستە.

2- مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەیهەوێت کورد و تورک لێک جیابکاتەوە، دەبێت ئێمە دژایەتی ئەمە بکەین.

3- دەوڵەت ـ نەتەوەی جیاواز، فیدرالیزم، ئۆتۆنۆمی ئیداری و مافی کولتووری، بۆ کورد چارەسەر نین.

4- با پەکەکە چەکەکانی دابنێت، من هەموو بەرپرسیارێتیەکەی دەگرمە ئەستۆ.

وتارەکەی ئۆجەلان لە بنەڕەتدا دەکرێت لەم چوار خاڵە سەرەکییەدا کورت بکرێتەوە. بەڵام شتێکی دیکە کە پێویستە بە سەرنجەوە لێی وردبینەوە، ئەم قسانەی ئۆجەلانە کە دەڵێت: “لەگەڵ رووخانی سۆشیالیزمی واقیعی لە نەوەدەکان بەهۆی هۆکاری نێوخۆیی و لەگەڵ پاشەکشەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتدا و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە ئازادی دەربڕیندا روویاندا، حیزبەکە گرنگیی خۆی لەدەستدا و دووچاری دووبارەبوونەوەی زێدەڕۆیانە بوو. لە ئەنجامدا، وەکو هاوتاکانی رۆڵی خۆی تەواو کرد و هەڵوەشاندنەوەی بووە پێویستییەک”.

واتە بە گوتەی ئۆجەلان، دەوڵەتی تورک لە ساڵانی 1990ـەوە دەستی بە پەرەپێدانی ئازادی ڕادەربڕین کردووە و دوای ئەوە ئیدی شەڕی پەکەکە بێمانا بووە. بیهێنە بەرچاوی خۆت کە لە ساڵی 1990 بەملاوە، بە هۆی پەکەکەوە 5 هەزار گوند چۆڵ کراون و 17 هەزار کەس لە تاوانەکانی کوشتنی بکوژ نادیاردا، گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی 50 هەزار کەسیش وەک گەریلا و مەدەنی گیانیان لەدەستداوە. واتە هەموو ئەمانە بێ مانا بوون. لە هەمبەر ئەمانە تەنها یەک شت هەیە و ئەویش ئەوەیە: “ئۆجالان ئەو شتە دەلیسێتەوە کە تفی تێکراوە”.

تۆ بۆ خۆبەڕێوەبەریی کورد هیچت ناوێت، تەنانەت سادەترین مافی زمانی دایکیتان ناوێت، کەواتە بۆچی 50 هەزار مرۆڤتان بەکوشتن داوە؟ تۆ چۆناوچۆن لەمبارەوە وەڵامدەر دەبیت؟

ئایا دەبێ ئۆجەلان و پەکەکە دادگایی بکرێن؟

پارتی دەم لەسەر فەرمانی پەکەکە، بۆ پشتیوانی لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان، کوردی کێشایە سەر شەقامەکان. هەروەها لە قامیشلۆ و سلێمانی شاشە دانرا. ئە کۆمەڵە خەڵکە پەکەکەییەی کە لەلایەن پەکەوە برابوونە بەرانبەر شاشەکان، لە هەموو شوێنێک شایی و گۆڤەندیان دەکرد و دروشمیان دەگوتەوە و هەلهەلەیان لێدەدا. ئەو کۆمەڵە خەڵکە وەک ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنابێت، ئاهەنگیان گێڕا. بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا هەیە ئەوەیە کە تەرمی 50 هەزار کورد و خەبات و تێکۆشانەکەیان لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەش بە دەوڵەتی تورک کرا. ئەوەی کە لە ڕاستیدا ڕوویدا، تەسلیمبوون بوو. دەبێ لەم 40 ساڵەدا چییان بەسەر ئەم گەلەدا هێنابێت؟ ئەم خەڵکە ڕۆڵەکانی خۆیان، خوێنی خۆیان، خاکەکەیان و هیواکانیان فیدا کرد، بەڵام ئاپۆ پەکەکە هیچیان بەم گەلە نەدا.

دەستەواژەی “ئۆجەلان ڕێبەری گەلی کوردە”، بوو بە ناونیشانی تەسلیمکردنی کوردان

بە ئەگەرێکی زۆر، پەکەکە لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە مژاری کاموفلاژ و چەواشەکاریدا یەکەمین پسپۆڕ بێت. هەموو شتێک دەڕازێنێتەوە. ئۆجەلان هەر لە ساڵی 1999دا و لەناو فڕۆکەکەدا گوتی: “من دەمهەوێت خزمەتی دەوڵەتی تورک بکەم”، بەڵام سەرەڕای ئەم لێدوانە پەکەکە هەستا و ئۆجەلانی وەک “ڕێبەری گەلی کورد” ناساند.

ئێستاکەش، لە پەردەی دووەمی خیانەتەکەی ئۆجەلاندا ئەم کارە دەکەن. بۆ ئەوەی کە قۆناغی دووەمی خیانەتەکەی ئاپۆ پاک بکەنەوە، باسی زیرەکی سەرسوڕهێنەری ئۆجالان دەکرێت، دەوترێت ئۆجەلان ڕێبەری ئاشتییە. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەم قسانە تەنها پڕوپاگەندە و چەواشەکاری و مانپولاسیۆنێکە و هیچیتر. لە واقیعی مێژووییدا ئۆجەلان وەک “سەرکردەی تەسلیمکردنی کورد” مامەڵەی کردووە.

ئەمە شتێکی نوێ نییە. ئۆجەلان ماوەی 40 ساڵە لەلایەن دەڵەتی تورکەوە وەک “قەییۆم”ێک دەستنیشان کراوە و بەسەر کورداندا سەپێندراوە. ئێستا دەوڵەت دەیهەوێت ئۆجەلان کە 40 ساڵە پەروەردەی کردووە و گەورەی کردووە، قەرزەکەی دەوڵەت بداتەوە. ئۆجەلانیش کوردانی باکووری کوردستانی لەسەر سینییەکی زێڕین دانا و ڕادەستی دەوڵەتی تورکی کردن.

یەکەم شتەکان کە دەتوانرێت لەسەرەتاوە بۆ ئۆجەلان بگوترێ بریتین لە: پەکەکە گوێ لە ئۆجەلان دەگرێت یان نا، دەبێ گوێی لێبگرێت یان نا، دواتر وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەینەوە.

پوستێن ھەمان بەش