دایکی منداڵە ڕفێنراوەکە داوا لە فەرماندی هەسەدە و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات بە هانایانەوە بڕۆن و منداڵەکەی بۆ بگەڕێننەوە.
تاقمی چەتەئاسای بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کچێکی گەنجی دیکەی خەڵکی گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەبیان بە ئامانجی چەکدارکردنی لە ڕیزەکانی پەکەکەدا ڕفاند.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، تاقمی چەتەی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، کیژۆڵەیەکی تەمەن 16 ساڵانیان بەناوی “فەریدا خەلیل محەممەد”، لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب ڕفاندووە و بردوویانەتە کەمپەکانی تایبەت بە چەکدار کردنی منداڵانی پەیەدە لە ڕۆژئاڤا.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دایکی منداڵە ڕفێنراوەکە داوا لە فەرماندی گشتیی هەسەدە و ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ دەکات کە لەو بارودۆخە دژوارەدا بە هانای ئەو بنەماڵەیەوە بڕۆن و کچەکەی بگەڕێننەوە باوەشی خێزانەکەی.
سەرەڕای ئەوەی کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.
بەبڕوای چاودێران ئامانجی چەتەکانی تاقمی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر” لە ڕفاندنی منداڵی بچووک، شۆردنەوەی مێشکیان بەگوێرەی ئایدۆلۆژیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەکدارکردن و تێکەڵکردنیانە بە ڕیزی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە.