هەولێر… وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کۆبۆوە

هەولێر... وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کۆبۆوە

فەرەنسا پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکات کەوا بە مەبەستی یەکڕیزی و یەکیەتیی هەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاڤا دەدرێن.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە شاری هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی قەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر کۆبۆوە و گفتوگۆیان لە بارەی چارەسەری سیاسیی  و ئەمنیی لەناوچە و دیالۆگی لایەنەکانی سووریا کرد.

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 23/4/2025، گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، درەنگانێکی شەو لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی بەڕێوەبەریی خۆسەر کۆبۆوە.

بە پێی زانیارییە میدیاییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا، شێوازەکانی پشتگیریکردنی چارەسەری سیاسیی و ئەمنیی لە ناوچەکە، پەرەپێدانی دیالۆگ لە نێوان لایەنەکانی سووریا، هەروەها ڕۆڵی فەرەنسا لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی چارەسەری سیاسی گفتوگۆیان لەسەر کرا.

پاش ڕووخانی ڕێژیمەکەی ئەسەد لە سوریا، وەزیری دەرەوەی فەرانسە سەردانی دیمەشقی کردبوو و جەختی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی  لەو ولاتەدا کردبوو. بەتایبەتیش پشتیوانیی خۆی بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا دەربڕیبوو و وەکوو هاوکاریکی سەرەکیی ڕۆژئاواییەکان لە شەڕ دژ بە تیرۆریستانی داعش ناوی بردبوو.

فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکات کەوا بە مەبەستی یەکڕیزی و یەکیەتیی هەلوێستی کورد لە ڕۆژئاڤا دەدرێن و خەریکە بە سەرکەوتن دەگات و بڕیارە لە رێکەوتی 26/4/2025دا، کۆنفرانسێکی بەرفراوانی کوردی لە قامیشلۆ ساز بکرێت.

پێش کۆبوونەوەکە، وەزیرى دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆدەبێتەوە، لەبارەى هاندانی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ یەکهەڵوێستی.

پوستێن ھەمان بەش