سەماوی: “پەکەکە 28 ملیار دۆلاری لەبەردەستە و هەموو ئەو بڕە پارەیە ڕادەستی ئۆجەلان دەکرێت و ئۆجەلانیش گوتوویەتی دەمهەوێت بەو پارەیە پاڵپشتی ئابووری تورکیا بکەم”.
عەبدولڕەحیم سەماوی، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژیکی بنەڕەتی، هەڵسەنگاندنێکی بۆ کۆنگرەی 12ی پەکەکە کردووە. سەماوی لەساڵانی 2013-2015 ئەندامی شاندی ئاقڵمەندەکانی تورکیە بووە و وەکوو پسپۆڕێکی پرسی پەکەکە دەناسرێت. هەروەها زانیارییەکی زۆری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیادا هەیە و تا ئێستا زۆر زانیاری دروستی ئاشکرا کردووە. سەماوی دوو شەو لەوەپێش لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی “خانی تی ڤی”دا بەشداریی کرد و باسی لەوە کرد کە ئۆجەلان ڕاستەوخۆ کۆنگرەی پەکەکەی بەڕێوەبردووە.
ئۆجەلان لە باڵەخانەی “میت”ـەوە کۆنگرەی بەڕێوەبردووە
عەبدولڕەحیم سەماوی باسی لەوە کرد کە ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هاوکاری دەکات و چەندین ڕوانگەی سەرنجڕاکێشی خستەڕوو کە لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکیان دەکەین: “ئۆجەلان لە بینای ‘میت’ـەوە لە ئەنقەرە بەشێوەیەکی شەخسی کۆنگرەی پەکەکەی بەڕێوەبردووە و چالاکانە بەشداری کۆنگرەکەی کردووە. بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بۆ هەموو لقوپۆپەکانی پەکەکەیە و ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەورووپا و پژاک و ڕۆژڤاش ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە. ئۆجەلان بەڵێنی بە دەوڵەت داوە کە هەسەدە هەڵبوەشێتەوە و ئەوە قەوارەیەی ئێستای ڕۆژئاڤای کوردستان کۆتایی پێبێت. پەکەکە لە 6 خاڵی جیاوازدا و لە ژێر چاودێری هەواڵگریی تورکیادا چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت دەکات. ئۆجەلان لیستێکی ئەم چەکانە ئامادە کردووە کە چ چەکێک ڕادەستی دەوڵەت دەکرێن”.
هەروەها سەماوی زانیاری سەرنجڕاکێشی لە بارەی دارایی پەکەکە خستووەتەڕوو و ئاماژەی بەوە کردووە کە پەکەکە 28 ملیار دۆلاری لەبەردەستە و هەموو ئەو بڕە پارەیە ڕادەستی ئۆجەلان دەکرێت و ئۆجەلانیش گوتوویەتی “دەمهەوێت بەو پارەیە پاڵپشتی ئابووری تورکیا بکەم”. عەبدولڕەحیم سەماوی گوتیشی، بەڕێوەبەرانی پەکەکە، تاوتوێی فۆرمولەیەکیان کردووە کە لە دوو قۆناغ پێکدێت. بە وتەی سەماوی لە ئێستادا دوو ڕێگا هەیە. ڕێگای یەکەم ئەوەیە کە ئەندامانی ڕێکخراوەکە بەشێوەیەکی کاتی لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێن و دوای ئەوەی هەندێک گۆڕانکاری لە دەستووردا دەکرێت، دەگەڕینەوە بۆ تورکیا. بەگوێرەی زانیارییەکانی عەبدولڕەحیم سێماوی، ڕێگەی دووەم ئەوەیە کە ئەندامانی پەکەکە سەرەتا دەچنە تورکیا. بە پێی زانیارییەکانی عەبدولڕەحیم سەماوی، ڕێگای دووەمیش ئەوەی کەئەندامانی پەکەکە هەر لە سەرەتاوە دەچنەوە تورکیا و بۆ ماوەیەک لە ژێر دەستبەسەری ماڵەوە دەهێڵرێنەوە و دوای ئەوەی کە لێکۆڵینەوەکەیان تەواو بوو و دەستوور گۆڕدرا، ئازاد دەکرێن.
عەبدولڕەحیم سەماوی کەسێکە کەوا هەر لە سەرەتای ئەم پرۆسەیەوە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەرکەوتووە و زانیاری زۆری بڵاو کردۆتەوە و تا ئێستاش زۆربەی زانیاریەکانی ڕاست دەرچوون. بۆیە ئەم لێدوانەی ئەم دواییەی دەنگدانەوە و مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.