تورکیا لە گارە و مەتینا هێرشی کردووە و پەکەکە دەڵێت، وەڵاممان داونەتەوە

تورکیا لە گارە و مەتینا هێرشی کردووە و پەکەکە دەڵێت، وەڵاممان داونەتەوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا: هێرشەکانمان دژ بە پەکەکە هەتا کۆتاییهێنان بەو ڕێکخراوە بەردەوام دەبن.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بارەگاکانیان لە باسووری کوردستان بەردەوامییان هەیە.

پەکەکە ڕایگەیاندووە کە سوپای تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

دەستنیشانیشی کردووە کە سوپای تورکیا لە رۆژانی 17-18ی مانگدا سێ جار بە تۆپ و فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە ناوچەکانی گارە و مەتینا لە هەرێمی کوردستان و راشیگەیاندووە کە “لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆیان” وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە.

زەکی ئاکتورک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا حەوتووی ڕابردوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە هێرشەکانیان دژ بە پەکەکە هەتا کۆتاییهێنان بەو ڕێکخراوە بەردەوام دەبن.

 هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت و هەروەها لە ڕیکەوتی 12ی ئایاری 2025دا پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ی ئایار بەڕێوەچووبوو و ئاشکرای کرد کە پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی داوە.

پوستێن ھەمان بەش