“ئەمەریکا لە واشنتن میوانداری گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی گرووپی ئەمەریکا-تورکیا بۆ کارەکانی سووریا کرد”.
گرووپی تورکیا و ئەمەریکا بۆ کارەکانی سووریا، جەختییان لە دیدگایەکی هاوبەش بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو، هەروەها ئاشتی بۆ وڵاتە دراوسێیەکانی سووریا کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر بنەمای لێکگەیشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، ئەو دوو وڵاتە پابەندی خۆیان بۆ زیادکردنی هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوانیان بۆ سەقامگیر و ئاسایشی سووریا دووپات کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەمەریکا لە واشنتن میوانداری گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی گرووپی ئەمەریکا-تورکیا بۆ کارەکانی سووریا کرد، کە کریستۆفر لانداو، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوە تورکیا، سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
هەر لە میانی دیدارەکەدا، باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر کراویەوە.
هەروەها تورکیا و ئەمەریکا جەختیشیان لە دیدگایەکی هاوبەش بۆ سووریایەکی سەقامگیر و گەڕانەوەی ملیۆنان سووری بۆ وڵاتەکەی خۆیان کردەوە. هەروەها جەختیشیان لەسەر ڕێگریکردن لە دابەشبوونی سووریا کردەوە.