ڕوبیۆ بۆ سوودانی: دەبێت هێرشکەرانی سەر کێڵگە نەوتییەکان سزا بدرێن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر بابەتی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مەترسی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەری عێراق گفتوگۆی لەگەڵ سوودانی کردووە.
ئەمڕۆ، 23ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، گفتوگۆیان لەسەر سێ پرسی گرنگ کردووە، لە نێویاندا پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق – تورکیا و کەمکردنەوەی کاریگەریی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق کرد.
مارکۆ ڕوبیۆ، جەختی کردووەتەوە کە دەبێت لێپرسینەوە لەو هێرشکەرانە بکرێت کە دەستیان هەبووە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی وزەی عێراق و بە سوودانی گوتووە: دەبێت ڕێکاری توند بگیرێتەبەر بۆ ڕێگری لە دووبارە نەبوونەوەی هێرشی دیکە لە داهاتوودا.
هەروەها باسی لە گرنگی پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کردووە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا.
نیگەرانی لەسەر یاسای پەیوەست بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی
ڕوبیۆ جددی بوونی نیگەرانیی وڵاتەکەی لە بارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای پەیوەست بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە سوودانی ڕاگەیاندووە، هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاندووە، تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایەی حەشدی شەعبی کە لە پەرلەمانە، دەبێتە مایەی زیادبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەریی عێراق.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ڕوبیۆ لە کاتێکدایە تەنیا لەم مانگەدا گرووپە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی عێراق 19 هێرشیان بە 58 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها دوێنێ سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان.لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنە نوێیەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کراوە، بڕی 120ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی ( 2025 ) بەشێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق.
هەر لە بارەی هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە: “بەتوندی سەرکۆنەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان دەکەین، چونکە سەقامگیریی عێراق و داهاتووی وڵاتەکە رووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە.”