دوو کۆنگرێسمانی ئەمەریکی داوای سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراق دەکەن

“عێراق بە تەواوی ملکەچی ئێران بووە و بووەتە بووکەڵەی دەستی تاران”.
دوو کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوای سزادانی عێراق دەکەن، لە بەرانبەر ئەوەی ملکەچی ئێران بووە.
هەردوو کۆنگرێسمان جۆ ویڵسن و گرێگۆری ستوبی لە دوو توویتدا نامەیەکی سێ لاپەڕەییان، بۆ مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نوسیووە: نیگەرانین لەوەی عێراق بە تەواوی ملکەچی ئێران بووە. لە کاتێکدا زیاتر لە چوار هەزار و 400 سەربازی ئەمەریکی لە شەڕی عێراق بوونەتە قوربانی، بەڵام بێجگە لەوەی عێراق بووەتە بووکەڵەی دەستی تاران، تاوەکوو ئێستاش هیچ شتێکی دیکەی نەکردووە.
دوو کۆنگرێسمانەکە، لە نامەکەدا لۆمەی ئیدارەی ئۆباما دەکەن و دەڵێن: ئۆباما لەگەڵ برێت مەکگۆرک، هاوکاریی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقیان کردووە، کە لە دەرئەنجامی ئیدارەدانی هەڵە و سەرکوتکاریی سیاسی لە عێراق، داعش سەری هەڵدا.
لە نامەکەشدا هاتووە، ئێران بێجگە لە هێزە ئەمنییەکان، سیستمی سیاسی و ئابووری عێراقیشی کۆنترۆڵ کردووە و، پرۆسەی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی خۆی و مانەوەی دڵسۆزانی لە دەسەڵات قۆرخ کردووە.
لە کۆتاییشدا داوا لە ڕوبیۆ دەکەن، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق سزا بدات، بە حەشدی شەعبیشەوە. لە ئەگەری هاودەکردنی غازی ئێران، عێراق سزا بدرێت و تەواو ئەو دامەزراوە داراییانەی عێراقیش کە هاوکاریی ئێران دەکەن، بخرێنە لیستی سزاکانەوە.