ئێف بی ئای: هێرشەکە تیرۆریستییە، بەئامانجگرتنی خۆپیشاندەران بووە و لێکۆڵینەوەشیان دەست پێ کردووە.
لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمەریکا، هێرش کرایە سەر خۆپیشاندانێکی پشتیوانیی لە ئیسرائیل، بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن: هێرشەکە تیرۆریستی بووە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە شارۆچکەی بۆڵدەری ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمەریکا، هێرش کرایە سەر خۆپیشاندانێک کە بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل بەڕێوە چوو، بەهۆیەوە هەشت کەس بریندار بوون کە برینێکی یەکێکیان سەختە.
بە گوێرەی پۆلیسی شاری بۆڵدەر، هێرشکارەکە ناوی ‘محەممەد سەبری سولەیمان’ـە و ئامێرێکی گڕهاوێژی بۆ هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران بەکار هێناوە، لەکاتی هێرشەکەشدا دروشمی ‘ئازادی بۆ فەڵەستین’ـی گوتووەتەوە.
لای خۆیەوە، کات پاتێل، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی هەواڵگریی فیدراڵی ئەمەریکا ‘ئێف بی ئای’ ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە تیرۆریستییە، بەئامانجگرتنی خۆپیشاندەران بووە و لێکۆڵینەوەشیان دەست پێ کردووە.
هاوکات ماڵپەڕی هەواڵی ‘ئەکسیۆس’ لە زاری بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپییەوە بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە وردەکاریی هێرشەکە ئاگادار کراوەتەوە.
هەروەها مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘ئێکس’ نووسیویەتی: “تیرۆر لە وڵاتە گەورەکەماندا جێگەی نابێتەوە.”
دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: “ئێمە لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی تیرۆری دژە جوولەکە دەبینەوە.”