گولەر: دەستمان بە هاوکاریی سەربازیی سووریا کردووە و هێشتا زووە هێزەکانمان لە سووریا بکشێنینەوە

گولەر: دەستمان بە هاوکاریی سەربازیی سووریا کردووە و هێشتا زووە هێزەکانمان لە سووریا بکشێنینەوە

“دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، تورکیا هاوپەیمانێک و هاوکارێکی سەرەکیی حکوومەتی نوێی دیمەشقە”.

وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، دەستمان بە هاوکاریی سەربازیی سووریا کردووە. گوتیشی: ئێستا کاتی ئەوە نییە باس لە کشانەوەی هێزەکانمان لە باکووری ئەو وڵاتە بکەین.

چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی 2025، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند “دەستمان بە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و هاوکاریی سەربازی بە سووریا کردووە، هاوکات هەنگاوێکی باشیشمان بۆ بەهێز کردنی بەرگریی ئەو وڵاتە ناوە.”

وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەشی دا “ئێستا کاتی ئەوە نییە باس  لە ئەگەری کشانەوە و ڕاگواستنی 20 هەزار سەربازی هێزەکانمان لە باکووری سووریا بکەین.”

ڕوونیشی کردەوە، ئەم بابەتە تەنیا لە کاتێکدا بیری لێ دەکرێتەوە کە ئارامی و سەقامگیریی لە سووریا بەدەست هێنرابێت و هەڕەشەی تیرۆر بە تەواوی نەهێڵرابێت و سنوورەکانیش ئارام ببوونەوە، هاوکات ئاوارەکانیش بتوانن بە شانازییەوە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

جەختیشی کردەوە، مەبەستی سەرەکیی تورکیا لە سووریا، پاراستنی یەکێتی و سنوورەکان و لەناوبردنی تیرۆرستانە لەو وڵاتە. گوتیشی: بۆ ئەو مەبەستە هەموو هاوکارییەک پێشکەش بە حکوومەتی نوێی سووریا دەکەن.

هەروا گوتی: تورکیا و ئیسرائیل لە گفتگۆیە تەکنیکییەکەیان لەبارەی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و بەریەککەوتنی سەربازی، هەماهەنگیی زیاتر لە سووریا بەردەوامن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، تورکیا هاوپەیمانێک و هاوکارێکی سەرەکیی حکوومەتی نوێی سووریایە و هاوکات بەڵێنشی داوە، لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە هاوکار بێت.

پوستێن ھەمان بەش