ئەردۆغان: “خوا یار بێت، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆ دەبمەوە”.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی کۆ دەبێتەوە و پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکەن.
ڕۆژی پێنجشەممە، 26/6/2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە لوتکەی ناتۆ لە لاهای، لە نێو فڕۆکەدا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و باسی لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، پرۆسەی نوێی ئاشتی، دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا “لەبارەی ‘تورکیای بێ تیرۆر’ لە پەرلەماندا یەکگرتویی گەورەی تێگەیشتن دروست بووە، پشتیوانیی بۆ پرۆسەکە لە ئاستی بەرزدایە. پێویستە بابەتەکە نەخەینە مەیدانی مشتومڕو ماندوکەری سیاسەتی ڕۆژانە.”
شایانی باسە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیران 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆ بووەوە. شاندەکە لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و میتحەت سەنجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێک هاتبوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، پەروین بوڵدان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دهاتوویەکی نزیکدا لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ دەبنەوە.
ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: “خوا یار بێت، هەفتەی داهاتوو دیدارێکم لەگەڵ شاندی دەم پارتی دەبێت. چەند بابەتێک سەبارەت بە پرسی تورکیای بێ تیرۆر هەیە، گفتوگۆیان لەسەر دەکەین. باوەڕم وایە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی بۆ پرۆسەکە دەبێت.”
لە ڕێکەوتی 12ـی ئایاری 2025دا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو بوو. لە کۆنگرەکەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا، یەکە ئەمنییەکانییان لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی چەکدادانی پەکەکە دەکەن و هێشتا پرۆسەکە کۆتایی نەهاتووە.
لە 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە “تورکیایەکی بێ تیرۆر” لەلایەن دەم پارتیشەوە بە “چارەکردنی پرسی کورد” ناو دەبرێت.
تا ئێستا شاندی دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پێنج جار لەگەڵ ئۆجەلان کۆ بوونەوەتەوە و جارێکیشیان لەگەڵ ئەردۆغان. دوێنێ چوارشەممە، 25-06-2025، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شاندی ئیمرای داوای کۆبوونەوەیان لێ کردووە و بەم نزیکانە لەگەڵییاندا کۆ دەبێتەوە.
دوای بڕیاری هەڵوەشانەوە و چەک دانانی پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” لە پەرلەماندا هەنگاوی یاسایی بۆ بنرێت، پێویستە کۆمسیۆنێک پێک بهێنرێت کە سەرجەم لایەنەکانی تورکیا تێیدا ئەندام بن.