“لانیکەم 20 فڕۆکەی جەنگی تێکشکێندراون و توانای فڕین لەم فڕۆکەخانانە پەک خراون و توانای کارکردنی هێزە ئاسمانییەکانی ئێران بە تەواوی لەم فڕۆكەخانانەدا ئیفلیج بوون.”
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە شەش فڕۆکەخانەی لە ئێران کردووەتە ئامانج و 20 فڕۆکە و هێلیکۆپتەری تێک شکاندووە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، 20 فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە 30 ئامانجیان لە کرماشان، هەمەدان و تاران بۆمباران کردووە، کە لە هێرشەکاندا کۆگای مووشەک و سەکۆی هەڵدان لەگەڵ سیستەمی ڕادار، ناوەندی چاودێری مانگی دەستکردیان لەناوبردووە.
لە راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: “شەش فڕۆکەخانەی سەر بە رژێمی ئێران لە رۆژئاوا و رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئێران کراونەتە ئامانج و لە ماوەی هێرشەکاندا، فڕگەکان، ژێرزەمینەكان، فڕۆکەیەکی سووتەمەنی گواستنەوە و فڕۆکەکانی جۆری F-14 ،F-5 و AH-1 لەكارخراون و تێك شێكنراون.”
سوپای ئیسرائیل هەروەها راشیگەیاندووە “توانای فڕین لەم فڕۆکەخانانە پەک خراون و توانای کارکردنی هێزە ئاسمانییەکانی ئێران بە تەواوی لەم فڕۆكەخانانەدا ئیفلیج بوون.”
راگەیەنراوەكەدا كە ماڵپەڕی (RT) رووسی بڵاویكردوەتەوە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە “لەم هێرشانەدا زیاتر لە 20 فڕۆکەی شەڕکەر و هێلیكۆپتەری هێزی ئاسمانی بە رێنمایی وردی هەواڵگری، لە ناوچەی کرماشان لە ئێرانیان و چەندین شوێنی هاویشتن و کۆگای مووشەکی زەوی بە زەویی ئاراستەکراو بەرەو ئیسرائیل تێک شکێنراون.”
پێشتریش لە بارەی هێرشەکانی ئیسرائیل، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا، هێرشی کردووەتە سەر 200 شوێن لە ناوەندی تاران، کە بەهۆیانەوە 200 کەس کوژراون و 877 کەسیش بریندار بوون.
بە گوتەی موعتەمیدیان، لە هێرشەکاندا ئیسرائیل ژێرخانی تۆڕی دابەشکردنی ئاو و کارەبا و غازی ماڵانی کردووەتە ئامانج، هەروەها ناوەندی سەرەکیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و بنکەیەکی تەندروستیش لەو شوێنانە بوون، کە هێرشی کردوونەتە سەر.