وەزیری بەرگریی ئەمەریکا: بڕیاری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوێرانە و ناوازە بوو و چەند مانگێک ئامادەکارییان بۆ کردووە.
ئەمڕۆیەکشەممە، 22/6/2025، پیت هێگسیس، وەزیری بەرگریی و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان لەبارەی هێرشکردنە سەر هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز) ساز کرد.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند “هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بوون و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوەتی لەناو برد.” گوتیشی: لە هێرشەکانماندا گەلی ئێران و هێزەکانی ئەو وڵاتەمان بۆمباران نەکردووە، تەنها سێ بنکەی ئەتۆمی کە ئەوانیش، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان بوون، بۆمباران کرد.”
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بڕیاری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوێرانە و ناوازە بوو و چەند مانگێک ئامادەکارییان بۆ کردووە، هەروەها نیشانەی بەهێزیی سوپای ئەمەریکایە. لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێرانیش، دووپاتی کردەەوە “هەر وەڵامدانەوەیەک لە لایەن ئێرانەوە، زۆر بە توندی لێیان دەدەینەوە.”
وەکوو ئەوەی هێگسیس باسی کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پیاوی ئاشتییە و دەیویست کێشەکە لە ڕێگەی گفتوگۆیەوە چارە بکرێت، بەڵام ئێران بوو کە پێشنیازەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە قبووڵ نەکرد.
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە “هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر نایاب بوون و ئێمەش بە هاوبەشی لەگەڵیان دەیانپارێزین.”
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئێرانییەکاندا داناخەن و بەو هیوایەن لەسەر کۆی کێشەکان بە ئاشتییانە بگەنە ڕێککەوتن.
هاوکات جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد “هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکاوە کراون. هەڵمەتێکی زۆر نهێنی، ئاڵۆز و پڕ مەترسیدار بوو. فڕۆکەکانمان لە جۆری (B – 2) توانییان بە سەرکەوتووانە بگەنە ئاسمانیی ئێران و هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ بۆمباران بکەن و پێمان وایە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە.”
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەندێک مووشەک بەکارهێنراون کە کێشیان زیاتر لە سێ هەزار پاوەند بووە.
جەنەراڵ دان کەین ئاماژەی بەوەش دا “ئامانج لە هێرشەکانمان گۆڕینی ڕژێمی ئێران نەبووە، هێزەکانمانیشمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران یان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی.”
هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘ئێکس’ نووسیویەتی “ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە.”
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە “هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە.”
دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ”جەنگی ئێمە ئێستە دەستی پێ کرد.” دوای ئەم پەیامەش، ئێران بە دوو شەپۆل، زیاتر لە 30 مووشەکی بالیستی گرتە ئیسرائیل. بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران، زیاتر لە 20 هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون کە برینی دوانیان سەختە.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.