ئاکەپە: “پڕۆسەی چەکدانانەکە لەژێر چاودێریی میت و ئەرتەشی تورکیادا دەبێت”.
وتەبێژی ئاکەپە ڕایگەیاند کە چاوەڕێ دەکەن لە چەند مانگی داهاتوودا پەکەکە و باڵەکانی لە سووریا و ئێران چەک دابنێن و بچنە ژێر ئەو میکانیزمەی کە تورکیا دەستنیشانی کردووە.
عۆمەر چەلیک، وتەبێژی ئاک پارتی، ڕۆژی چوارشەممە، 4/6/2025، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ئاکەپە، بۆ میدیاکان قسەی کرد و وتی: بابەتی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نابێ تەنها لەچوارچیوەی قسەدا بمێنێتەوە.
هەروەها ڕایگەیاند کە لە چەند مانگی داهاتوودا پێشکەوتنی بەرچاو لە بواری جێگیرکردن و ڕادەستکردنی چەکەکاندا دەبینین.
وتەبێژی ئاکەپە گوتیشی: پڕۆسەی چەکدانانەکە لەژێر چاودێریی میت و ئەرتەشی تورکیادا دەبێت.
هەروەها ئاشکراشی کرد کە پەکەکە و باڵەکانی لە سووریا (هەسەدە) و لە ئێرانیش (پژاک)، چەک دادەنێن.
چەلیک سەبارەت بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، وتی: “دەبێ هەسەدە هەڵبوەشێتەوە، ئەندامانی پەکەکە دەبێ سووریا بەجێبهێڵن و ئەوانی تریش تێکەڵ بە سوپای سووریا بکرێن”.