دەوڵەتی تورک و پەکەکەکەی ئۆجالان!

دەوڵەتی تورک و پەکەکەکەی ئۆجالان!

“ئۆجەلان، خودی دەوڵەتی تورکە و ساڵانێکە وێکڕا جەستەی نەتەوەی کورد و کوردستان دەسووتێنێن”.

✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین

لەو کاتەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی 1978دا لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزراوە، بێ مشتومڕ لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە سەرکردایەتی دەکرێت. ئەم بزووتنەوەیە هەر لەو ڕۆژەوە کە هاتۆتە ناو مەیدانی کوردستان، بە “ئاپۆچی” ناسراوە و بە کردەوەکانی ناوبانگێکی زۆری بۆ خۆی دروست کردووە.

لە سەرەتای دامەزراندنیدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بۆ “چارەی خۆنووسین و ئازادیی گەلی کورد” خەبات دەکات.

بەڵام بەتایبەت لە دوای ئەوەی کە ئۆجەلان لەساڵی 1999دا گیرا، باس لەوە دەکرێت کە گۆڕانکاریی ئقووڵ لە روانگە ئیدئۆلۆژیک و ستراتژیکەکانی ئەو حیزبەدا ڕوویداوە. ئەم بۆچوونە لایەنی شاراوە و ڕەشی ئۆجەلان و پارتەکەی لە چاوان دوور دەخات و دەیپارێزێت و کردەوەکانی ئەم بزووتنەوەیە تا ساڵی 1999 دەشارێتەوە.

ڕاستییەکە ئەوەیە، کاتێک سەیری هەڵوێست و لێدوانەکانی، نزیکبوونەوەی لە کادیرەکانی و پەیوەندییەکانی پێشووی، چاوپێکەوتن و لێدوانەکانی و بارودۆخی لە دیمەشق دەکەین؛ بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هاوکاریی کردووە و وێکڕا سیستەمی پەکەکەیان داڕشتووە.

ئۆجالان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکەوە نەهێنرایەوە بۆ تورکیا، بەڵکوو عەبدوڵڵا ئۆجالان لەسەر داوای خۆی گەڕایەوە تورکیا و پرۆسەی گەڕانەوەکەی وەکوو ئۆپەراسیۆنێک نمایش کرا. ئەگەر سەیری چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان و تەلەفزیۆنی پەکەکە و لێدوانەکانی ئەوکاتی خودی ئۆجەلان بکەین، بە ئاسانی ئەم ڕاستییەمان بۆ پشتڕاست دەکەنەوە. ئەو ڕستەیەی کە ئۆجالان ئەوکاتەی لە ئیتالیادا بوو هەم بە پارێزەرەکەی و هەمیش بە زاری خۆی بە تەلەفزیۆنەکەی گوتووە، خۆی لە خۆیدا لەم بارەوە بەڵگەنامەیەکی حاشاهەڵنەگرە:

“من دەگەڕێمەوە تورکیا و ئەم پرسە لە ئەنقەرە چارەسەر دەکەم”.

ئۆجەلان و پەکەکەکەی، لەگەڵ گەیشتنی بۆ تورکیا، ئیدیعای ئەوەیان دەستپێکرد کە “ئۆجەلان بە پیلانێکی ڕادەستی تورکیا کراوە” و ناوی ئیستیخباراتی سێ دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و یۆنانیان هێنا!.

دوای 25 ساڵ، دیسان ئۆجەلان و پەکەکەکەی، ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە:

“سنوورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕدرێن، ئەمریکا و ئیسرائیل و ئینگلتەرا و هەموو زلهێزەکانی ئیمپریالیزم دەیانەوێت کورد لەم گۆڕانکارییەدا بەسدار بکەن و برایەتی 1000 ساڵەی کورد و تورک تێکبدەن. ئەوان دەیانهەوێت تورکیا دابەش بکەن و بە ئامانجەکانیان بگەن. ئێمە بڕیارمان داوە کە لەگەڵ تورکیادا بین و ڕێگە نادەین کورد لایەنی ئیمپریالیستەکان بگرێت” (!)

من لەم نووسینەدا لێدوان و ئامانج و هەڵوێستە ڕوونەکانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی ئۆجالان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و کاریگەرییەکانیان لەسەر داهاتووی گەلی کورد تاوتوێ دەکەم. پەیوەندییە مشتومڕاوییەکانی لێدوانەکانی ئۆجالان، وەک ئاسمیلەکردنی ناسنامەی کورد و هاوتەریببوونیان لەگەڵ ستراتیژییە ناوچەییەکانی دەوڵەتی تورک، لە چوارچێوەیەکی ڕووندا شی دەکرێنەوە.

ئیدیعای ئەوەی کە ئۆجەلان ڕێنماییەکانی خۆی بۆ کۆنگرەی دوازدەهەمی پەکەکە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لە بینای میت (رێکخراوی هەواڵگریی دەولەتی تورک)ـەوە داوە، بابەتی مشتومڕێکی گرینگە. ئەم مشتومڕە پەکەکە و مێژووە 40 ساڵەکەی بە گشتی دەخاتە ژێر نەشتەرەوە. ئەم دۆخە پرسیارێک دەوروژێنێت کە ئایا ئۆجالان 25 ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیدایە یان نا؟ خۆسەریی جەستەیی و سیاسی ئەو  دەکات بە بابەتێکی پرسیار خوڵقێن و پۆزیسیۆنی ئەو وەک “ڕێبەر” دەکات بە بابەتێکی جێگەی مشتومڕی جیددی. لێدوانەکەی ئۆجەلان کە دەڵێت: “ئێمە بەرنامەکەمان بەم کۆبوونەوەیە لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا ئامادە دەکەین”، ئەوە نیشان دەدات کە دەوڵەتی تورک کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەکانی بڕیاردانی ستراتیژیکی پەکەکە هەیە. ئەمەش پرسیارێکی جیددی لەبارەی توانای حیزبەکەی بۆ کارکردن وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ دەوروژێنێت.

لێدوانەکەی ئۆجەلان کە دەڵێت هەوڵی بنیاتنانی “کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک” دەدات، هەرچەندە ڕەنگە بە ئەرێنی دەرکەوێت، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەیەکدا لێکبدرێتەوە کە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئاسمیلاسیۆنی دەوڵەتی تورکدا بگونجێت! بەتایبەت جەختکردنی لە سەر “گواستنەوەی لە شەڕ و پێکدادانی جوداخوازانە بۆ ئاشتی و یەکگرتوویی دیموکراتیک”، بە ڕوونی نیشان دەدات کە خواستە نەتەوەیییەکانی گەلی کورد وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان ئۆتۆنۆمی پێناسە ناکرێنەوە، بەڵکوو وەک چوارچێوەیەک بۆ یەکگرتوویی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا سەرلەنوێ پێناسە دەکرێنەوە. بێگومان ئەم لێدوانانە ئەوە دەردەخەن کە ڕێبازی ئۆجەلان کە بە “پارادایمێکی نوێ” ناو دەبرێت، ئامانجەکەی ڕێگریکردنە لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو دۆزی کورد و کوردستاندا و خزمەتکردن بە ئامانجی دەوڵەتی تورک بۆ بەهێزکردنی هەژموونییە ناوچەییەکەی دەکات بە ئامانجی خۆی.

لێدوانی ئۆجالان کە دەڵێت: “پرۆسەی هاوشێوە بە تایبەت لەگەڵ تورکیا لە عێراق و ئێران و سووریا دەستپێدەکرێن”؛ دەریدەخات کە ئەمە ستراتیژییەکی دەوڵەتی تورکیایە و تەنیا لە کوردانی باکوری کوردستاندا سنووردار ناکرێت، بەڵکوو ئامانجی پرۆژەکە ئەوەیە کە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بە دەستی تورکیا کۆنترۆڵ بکرێن. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دۆزی کورد و کوردستان بۆ خوسەری و فیدراڵیزم و ویستی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی دەوڵەتی تورک دابڕێژرێن.

لێدوانەکەی ئۆجەلان کە دەڵێت: “ئێمە واز لە ویستی دەوڵەتی نەتەوەیی دەهێنین”، هەرچەندە ڕەنگە ئەمە وەک ڕەخنەیەک لە مۆدێلی دەوڵەت ـ نەتەوەی مۆدێرن دەرکەوێت، بەڵام بە کردەوە داواکارییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد پەراوێز دەخات و ئامانجی ئەوەیە کە خزمەت بە سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردنی دەوڵەتی تورک بکات. وازهێنان لە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بە واتای وازهێنان لە مافی ڕەوای کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و کولتووری خۆی دێت. بێگومان ئەمەش ئامانجی ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لە ژێر سایەی چوار دەوڵەتی داگیرکەردا بتوێنێتەوە و لەناوی ببات. ئەم پارادایمە، لە ژێر ناوی “یەکگرتوویی” ناسنامەی میللەتی کورد لەناو دەوڵەتی تورکدا، پێشنیاری ئاسمیلەکردنی گەلی کورد دەکات.

لێدوانەکەی ئۆجەلان کە دەڵێت: “پاراستن لە ژێر دەستپێشخەری تورکیادا هەم پێویستییەکی عەقڵانیە و هەمیش دەربڕینی واقیعبینانەیە”؛ داواکارییەکە کەوا شەرعیەت بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەدات. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە گەلی کورد وەک ئیرادەیەکی سەربەخۆ نابینرێت، بەڵکوو وەک ژێردەستەیەک لە ژێر بەرژەوەندییە ستراتژیکیەکانی دەوڵەتی تورکدا سەیر دەکرێت.

مۆدێلی “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” کە لە ژێر سەرکردایەتی ئۆجەلاندا پەرەی پێدراوە، لە ڕووی تیۆریەوە ئامانجی ئەوەیە کە ڕێگری لە بەدەوڵەتبوونی کورد لە ناوچەکەدا بکات. ئەم مۆدێلە مافە ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەیەکی زیاتر لە 60 ملیۆن کەسی بەلاوە دەنێت و ئاسمیلاسیۆنی خێرا بە ئامانجی تورکبوون بە ئەساس وەردەگرێت. بە تایبەتی ڕاستییەکانی هاوکاریی ئۆجالان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و قبووڵکردنی بێ مەرجی ئەم بەرنامەیە لەلایەن کادیرانی سەرکردایەتیی پەکەکەوە، ئەوە دەردەخات کە چەمکی “ڕێبەرێتی” دەستەواژەیەکی بەتاڵ نییە، بەڵکوو لە ڕێکخراوەکەدا ئۆجالان هەموو شتێکە و جگە لە ئەو هیچ ئیرادەیەکی دیکە بوونی نییە. لەو چوارچێوەیەدا، ئەو “پارادایمە نوێیە” کە ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بەسەر گەلی کورددا دەیسەپێنێت، کورد بەرەو ئایندەیەکی نادیار و کۆیلایەتی دەبات و تورکبوونیان بەسەردا دەسەپێنێت. من دژی “چەکدانانی پەکەکە و کۆتاییهێنانی ئەو حیزبە بە شەڕی چەکداری نیم”، چونکە ئەو حیزبە و ئەو شەڕە چەکدارییە لە خزمەت نەتەوەی کورددا نەبووە و لە خزمەتی کوردستانیشدا نییە. نەمانی ئەو حیزبە لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورددایە.

لێدوانەکانی ئۆجەلان لە کۆنگرەی دوازدەهەمی پەکەکەدا ئەوە دەردەخەن کە ئەو حیزبە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژی ئۆجەلاندایە. جگە لەوە، ئەو ئیدیعایەش بەدرۆ دەخاتەوە کە گۆیا “ئۆجەلان ماوەی 25 ساڵ لە زینداندا، لە تەجرید (زیندانی تاکەکەسیدا بووە”(!). کاتێک چوارچێوەی تیئۆریکی پەکەکە لەماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا و ئەو هێزە کوردیانەی کە کردوونی بە ئامانج، لەبەرچاو دەگرین، ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەموو ئەمانە لەلایەن ئۆجەلانەوە بەڕێوە دەبرێن. بەڕاستی ئەمە چۆن شرۆڤە دەکرێ، کەسێک کە ماوەی 25 ساڵە لە زینداندایە و لە ژووری تاکەکەسیدایە، بەڵام بەردەوامە لە زاڵبوون بەسەر گەریلاکاندا کە وەک خۆیان دەڵێن بۆ “ئازادی” خەبات دەکەن و ڕێگایان بۆ دەکاتەوە و بڕیاریان بەسەردا دەسەپێنێت؟

ئۆجەلان، خودی دەوڵەتی تورکە! ئەمەش هەم مێشکی پەکەکە و هەمیش ناوەندی بڕیار و هەم خەزێنە و هەمیش خاوەنیەتی و ساڵانێکە وێکڕا جەستەی نەتەوەی کورد دەسووتێنێن. لێدوانەکەی ئۆجەلان کە دەستپێشخەری دەوڵەتی تورک بە “پێویستییەکی عەقڵانی” و “دەربڕینی واقیعبینانە” وەسف دەکات، خەباتی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی و مانەوە، دەباتە ژێر پرسیار! کۆنسێپتی پەکەکە، دامەزراوەیەکە کەوا ئاسمیلاسیۆن و لەناوبردنی ناسنامەی کوردان دەکاتە ئامانج. لێدوانەکانی ئۆجەلان و پۆزیسیۆنی پەکەکە، نیشانەیەکی مەترسیدار و جیدیین بۆ داهاتووی کوردان.

لەو چوارچێوەیەدا، سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی ئەرکی مێژوویی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و کوردستان، پتەوکردنی لێکتێگەیشتن و خەباتێکە کەوا ئیرادەی نەتەوەبوونی کورد بکات بە سەنتەر ، لە قۆناغی داهاتوودا گرنگییەکی ڕەخنەگرانە لەخۆ دەگرێت.

پوستێن ھەمان بەش