ڕاوێژکارێکی ئێران: پێگە ئەتۆمییەکان زیانێکی وایان بەرنەکەوتووە، کە نەتوانین چارەسەری بکەین

ڕاوێژکارێکی ئێران: پێگە ئەتۆمییەکان زیانێکی وایان بەرنەکەوتووە، کە نەتوانین چارەسەری بکەین

“ئەو هێرشەی کراوەتە سەر بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، لە نزیک پارێزگای قوم، شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبووە”.

مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ کاروباری ستراتیجی، ڕایگەیاند، هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر سێ پێگە ئەتۆمیەکەی ئێران زیانێکی وای نەبووە کە نەتوانرێت چاک بکرێنەوە. ئاماژەی بەوەش دا، تاران پێشوەختە ئامادەکاری بۆ ئەم سیناریۆیە کردبوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ کاروباری ستراتیجی، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی “ئەو هێرشەی کراوەتە سەر بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، لە نزیک پارێزگای قوم، شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبووە، ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ئەو شوێنە چۆڵ کرابوو.” گوتیشی: لە دوو شت دڵنیایین؛ یەکەم، زانست و ڕۆشنبیری بۆردومان ناکرێن، دووەم، قومارچی شەڕ، ئەم جارە دۆڕاو دەبێت.”

مەهدی محەممەدی، جەختیشی کردەوە، تاران چەند ڕۆژێکە پێشبینی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەکات، هەروەها بەرگرییە ئاسمانییەکانیش لە ئامادەباشیدان، بەمەش کاریگەرییەکانی ئەو هێرشەی سنووردار کردووە، کە واشنتن گوتبووی، هێرشەکەی بەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بی-2 کردووە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران، ئیرنا، ڕوونی کردەوە،  پێگە ئەتۆمییە ئامانجدارەکان، ماددەی تیشکدەریان تێدا نەبووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵک کە هیچ تیشکێکی ئەتۆمی و کارەسات ڕوو نادات.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان پشتڕاست کردەوە.

پوستێن ھەمان بەش