ئۆزەل دوای دەستبەسەرکردنی شارەدارەکانی جەهەپە: شەڕ لە دژی سیاسەتی دیموکراتیک ڕاگەیەندراوە

ئۆزەل دوای دەستبەسەرکردنی شارەدارەکانی جەهەپە: شەڕ لە دژی سیاسەتی دیموکراتیک ڕاگەیەندراوە

“ئێستا ئیدی دەیانەوێت سندوقی دەنگدان لاببەن، ئامادەکاریش بۆ ئەمە دەکەن، دەیانەوێت دیکتاتۆری جێبەجێ بکەن”.

ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە، دوای ئەوەی دوێنێ 3 سەرۆک شارەوانیی پارتەکەی لەلایەن دەولەتی تورکەوە دەستبەسەر کران، لێدوانێکی توندی دا. ئۆزگور ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵات بەو ئۆپەراسیۆنانە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی کە سندوقەکانی دەنگدان نەهێڵێت و دیکتاتۆرییەت جێبەجێ بکات.

دوای شەپۆلی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک دژ بە شارەوانییەکانی جەهەپە، ململانێی سیاسی لە تورکیا جارێکی دیکە گەرمتر بووەتەوە. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) لە وەڵامی دەستبەسەرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی پارتەکەیدا لێدوانێکی توندی دا و حکومەتی تورکیای بە ئامادەکاری بۆ “نەهێشتنی سندووقەکانی دەنگدان” تۆمەتبار کرد.

3 سەرۆکی شارەوانی جەهەپە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستبەسەرکران

شایانی باسە دوێنێ شەممە، 5/7/2025، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵەوە ئەنجامدرا، ئۆپەراسیۆنێک دژی شارەوانییەکانی جەهەپە ئەنجامدرا. لەئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا، زەیدان کاراڵار، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئادانا، عەبدوڕەحمان توتدەرە، سەرۆکی شارەوانیی سەمسوور و موهتن بۆجەک، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئانتالیا دەستبەسەر کران.

ئۆزەل: لە دژی سیاسەتی دیموکراتیک شەڕ ڕاگەیەندراوە

سەبارەت بەم پێشهاتە، ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە دوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری پارتەکەی لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا. ئۆزەل ڕایگەیاند کە حکومەت نەک تەنها شەڕی لە دژی جەهەپە ڕاگەیاندووە، بەڵکوو لە دژی سیاسەتی دیموکراتیکیش شەڕی ڕاگەیاندووە و گوتی:

“حکومەت لە سندوقی دەنگدان و هەڵبژاردن دەترسێت و دەیەوێت لە ڕێگای فشارەوە تا هەڵبژاردن بەردەوام بێت، کۆمەڵێک کەس لەناو حکومەتدا سێ داواکاری گشتی و سێ دادوەر و سێ شایەتحاڵی نهێنیان، گرتۆتەخۆیان و لە 19ی ئازارەوە شەڕیان لەدژی میللەت ڕاگەیاندووە. ئەم شەڕە تەنها دژی ئێمە نییە، بەڵکوو لە دژی سیاسەتی دیموکراتیکە”.

سەرۆکی جەهەپە هەروەها ڕایگەیاند کە ئامانجی کۆتایی حکومەت لابردنی سندووقەکانی دەنگدان و دامەزراندنی دیکتاتۆرییەتە و وتی: “ئێستا ئیدی دەیانەوێت سندوقی دەنگدان لاببەن، ئامادەکاریش بۆ ئەمە دەکەن، دەیانەوێت دیکتاتۆری جێبەجێ بکەن. ئەو شتانەی وەک بیانوو بۆ ئۆپەراسیۆنەکان بەکاریان هێناون، هەموویان بێ بنەمان”.

پوستێن ھەمان بەش