ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پۆلێک زیندانیی سیاسیی کورددا سەپاند

ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پۆلێک زیندانیی سیاسیی کورددا سەپاند

ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر 5 کەس لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان سەپاند.

ڕزگار بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور بابامیری پێنج زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە سزای سێدارە و سەرجەم بە سزای 75 ساڵ بەندکران مەحکووم کران. پێنج کەسی دیکە لەم دۆسیەدا سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتەهەواڵیکدا ڕایگەیاند: “تەیفوور سەلیمی بابامیری، تەمەن 47 ساڵ، سۆران قاسمی، تەمەن 28 ساڵ، پژمان سوڵتانی، تەمەن 30 ساڵ، کاوە ساڵحی، تەمەن 40 ساڵ و ڕزگار بابامیری، تەمەن 42 ساڵ هەر یەک لە لایەن لقی یەکی “دادگای شۆڕش”ی ڕێژیمی ئێران لە شاری ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتەکانی “بەغی” و “موحاربه” سزای بەندکران و بە تۆمەتی “ئەندامییەتی لە گروپە تیرۆریستییەکان” هەر یەک سزای 15 ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا”.

شایانی باسە کە هەر یەک لە سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و پژمان سوڵتانی بە سێ جار سزای سێدارە، ڕزگار بابامیری بە دوو جار سزای سێدارە و تەیفوور سەلیمی بابامیری کە ئێستا بە بارمتەی پێنج ملیاری ئازاد کراوە بە جارێک سزای سێدارە مەحکووم کراون.

ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە 7ی حوزەیرانی 2025، بە شێوەی فەرمی بە پارێزەکانی ناوبراوان ڕاگەیاندراوە.

لەم نێوانەدا پژمان سوڵتانی پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە لاوانی پارێزگای ئورمیە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها ڕزگار بەیگزادە بابامیری و سۆران قاسمی بە تۆمەتی “بەشداری لە کوشتن” هەر یەک سزای 15 ساڵ و 10 ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. کاوە ساڵحی یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە لەو تۆمەتانە بێتاوان دەرچوو.

هاوکات دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی پێنج تۆمەتباری سیاسیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی هێمن کرمانج، ئەحمەد مامزادە، تەمەن 65 ساڵ، ئەبوبەکر مامزادە، تەمەن 53 ساڵ، جەلیل مەولوودی جوامێر مام خوسرەوی، تەمەن 50 ساڵ بەڕێوە چووە کە سزاکانیان لە لایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە.

جوامێر مام خوسرەوی لە ڕێکەوتی 26ی ئاداری 2023، هێمن کرمانج، لە 18ی نیسان و ڕزگار بابامیری و جەلیل مەولوودی، لە 16ی نیسان و ئەحمەد مامزادە، ئەبوبەکر مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی لە 15ی نیسانی هەمان ساڵ دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گواسترانەوە.

تەیفوور سەلیمی بابامیری لە شوباتی 2023دا، بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بانە دەستبەسەر کرابوو.

ئەم کەسانە چەند مانگ دوای شۆڕشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) و هەر لەم پەیوەندییەدا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی چەند مانگ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کرابوون و بە سەختی ئەشکەنجە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆیان کرابوو.

سەرچاوە: هەنگاو

پوستێن ھەمان بەش