“گەڕان و پشکنین بۆ مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەدا بەڕێوە چووە”.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لیوای 14ـی پیادە بۆ نەهێشتنی جموجۆڵی تیرۆریستان و دابین کردنی سەقامگیری زیاتر، لە سنوری چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردن بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7/7/2025، وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بە مەبەستی دابین کردنی ئارامی و ئاسایشی زیاتر بۆ ناوچەکە، بەرواری 6ـی تەممووزی 2025، کاتژمێر 4:00ـی بەیانی، لیوای 14ـی پیادەی سەر بە فیرقەی 1ـی پیادە، بە سەرپەرشتی عمید ڕوکن علمی مزوری فەرماندەی لیوا، لە سنووری چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردن بەڕێوە چوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، لەپێناو نەهێشتنی جموجۆڵی تیرۆریستان و دابین کردنی سەقامگیری زیاتر بۆ خەڵک و گوندەکانی ناوچەکە چیای قەرەچووغ، گەلی تاراوە، مەلا کاغە و گوندەکانی سەر بە سنوورەکە کێوماڵ کران و گەڕان و پشکنین بۆ مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەدا بەڕێوە چوون، هاوکات ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی هەمان ڕۆژ کۆتایی هات.