پێبشینی دەکرێت سەردانەکە پەیوەندی هەبێت بەو پەیامەی ئۆجەلان کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بڵاوی بکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6/7/2025، کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکیی زیندانیکراوی پەکەکە کۆتایی هات و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکیی زیندانیکراوی پەکەکە کرد.
بڕیارە سبەینێ دووشەممە، 7ـی تەممووزی 2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ لەکۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببنەوە.
پێبشینی دەکرێت سەردانەکە پەیوەندی هەبێت بەو پەیامەی ئۆجەلان کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بڵاوی بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا ژمارەیەک لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە بەرچاوی میدیاکانەوە چەکەکانیان دابنێن.
هەرچەندە پێشتر بڕیاربوو، شاندی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئۆجەلان بکەن، بەڵام سەردانەکەی ئیمراڵی پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان خراوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکرێت.
شاندەکەش پێکهاتووە لە:
ـ پەروین بوڵدان – پەرلەمانتاری دەم پارتی
ـ میدحەت سانجار – پەرلەمانتاری دەم پارتی
ـ ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ – پارێزەر
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پێشتر لە 28ی کانوونی یەکەمی 2024 بۆ یەکەمجار سەردانی ئیمراڵیان کرد، دوای ئەو سەردانەش تەنیا لەمساڵدا لە 22ی کانوونی دووەم، 27ی شوبات، 21ی نیسان و 18ی ئایاری 2025 چوار جاری دیکە سەردانی ئۆجەلانیان کردووەتەوە .
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پێشتر لە 28ی کانوونی یەکەمی 2024 بۆ یەکەمجار سەردانی ئیمراڵیان کرد، دوای ئەو سەردانەش تەنیا لەمساڵدا لە 22ی کانوونی دووەم، 27ی شوبات، 21ی نیسان و 18ی ئایاری 2025 چوار جاری دیکە سەردانی ئۆجەلانیان کردووەتەوە.