ڕامان پێشتریش لە ساڵی 2013دا بە هۆی وێنەگرتنی خۆپیشاندانەکانی عامودا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پەیەدەوە دەستبەسەرکرابوو.
هێزە ئەمنییەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، باڵی ڕۆژئاوای کوردستانی پەکەکە، ڕامان عەبدولسەلام پەیامنێری کوردستان24یان دەستبەسەر کرد و هێشتا چارەنووسی نادیارە.
سەرچاوەکانی دارکا مازی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرایان کرد، ڕامان عەبدولسەلام حسۆ، پەیامنێری کوردستان24، ڕۆژی سێشەممە، 1ی تەمووزی 2025، لە ڕێگەی دەروازەی سێمالکاوە چووەتە ناو ڕۆژئاڤا بۆ سەردانی بنەماڵە و کەسوکارەکەی سەردانی شاری “عامودا”ی کردووە.
باس لەوەشکراوە، کە ڕۆژی چوارشەممە 2ی تەمووز، هێزەکانی ئاسایشی پەیەدە پەیوەندییان بە ڕامانەوە کردبوو لە عامودا و دوای ئەوەی چووەتە بارەگای ئاسایش، لەوێ دەستگیرکراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بنەماڵەی ڕامان ڕایانگەیاندووە، ڕامان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پەیەدەوە دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە و هیچ زانیارییەکیان لەبارەیەوە نییە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە هێزە ئەمنییەکانی پەیەدە ڕامان دەستبەسەر دەکەن. ڕامان پێشتریش لە ساڵی 2013دا بە هۆی وێنەگرتنی خۆپیشاندانەکانی عامودا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پەیەدەوە دەستبەسەرکرابوو. ڕامان عەبدولسەلام، پێشتر لە کەناڵەکانی زاگرۆس و “ARK”دا کاری کردووە.
نووسینگەی ئازادیی سەندیکای گشتیی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سووریا، دەستبەسەرکردنی “ڕامان”ی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پەیەدەوە شەرمەزار کردووە.