“ئەو هێرشە پێشێلکردنی مافی ژیان و هێرشکردنە سەر مافی ڕامان و بیروباوەڕی جیاواز بوو”.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بە بۆنەی 32 ساڵەی کۆمەڵکوژیی دەولەتی تورک لە “سێواس”ی باکووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بە ڕێزەوە یادی ئەو کەسانە کردەوە کە لە ڕێکەوتی 2ی تەمووزی 1993دا لە هۆتێل مادماکدا کۆمەڵکوژ کران.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی PWK بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە “هەرچەندە 32 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕ بووە، بەڵام ئەنجامدەرەکان و ئەوانەی لە پشتیانەوەن، ئاشکرا نەکراون و سزا نەدراون”.
“بە بەر چاوی دەوڵەتەوە هێرشەکەیان ئەنجامدا”
PWK لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە ڕووداوە دڕندانەکەی 2ی تەمموزی 1993 کردووە و ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی “فێستیڤاڵی پیر سوڵتان عەبدال”دا، گرووپێکی گەورە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر هۆتێل مادماک، کە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی ئامادەبووی ئاهەنگەکە لەوێ دەمانەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هێرشبەرەکان بە هاوارکردنی دروشمی وەک ‘سێواس دەبێتە گۆڕستانی ئەوانەی کە لایەقیانە’، لەبەردەم پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکدا هێرشیان کردە سەر هۆتێلەکە و ئاگریان تێبەردا، لە ئەنجامدا 33 ڕۆشنبیر و هونەرمەند و 2 کارمەندی هۆتێلەکە بەهۆی ئاگر و دوکەڵەکەوە گیانیان لەدەستدا”.
“ئەوە پێشێلکردنی مافی ژیان و ڕامان بوو”
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان ئەو هێرشەی بە “پێشێلکردنی مافی ژیان و هێرشکردنە سەر مافی ڕامان و بیروباوەڕی جیاواز” وەسفکردووە و سەرنجی خستۆتە سەر ئەوە کە “ئەو دۆسیانەی لەپەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکەدا کرابوونەوە، هیچ ئەنجامیکیان نەبووە و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەرپرسیارەکان دادگایی نەکراون”.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، پارتی وڵاتپاریزانی کوردستان بە توندی هێرشبەران و ئەوانەی هاوکار و پشتیوانیان بوون و بەرگرییان لێکردوون، شەرمەزار دەکات و هاوکات لە 32 ساڵەی ڕووداوەکەدا بە ڕێزەوە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە بەرز ڕادەگرێت.