“گەریلاکانی پەکەکە لە رێوڕەسمەکەدا چەکەکانیان دادەنێن و دەگەڕێنەوە ئەو شوێنەی ئێستا لێیدەژین، واتە ناگەڕێنەوە نێو شارەکانیان”.
کەناڵی ڕووداوی باشووری کوردستان ڕایگەیاندووە “بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک “نیازپاکی” بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، چەک دابنێن”.
ڕووداو ئاماژەی بەوە کردووە کە “لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان زانیاری وەرگرتووە و، بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە، رێوڕەسمی چەکدانانەکە دەکەوێتە سەرەتای مانگی تەممووز و لە هەرێمی کوردستان دەبێت”.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانە، چاوەڕوان دەکرێ “لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە پەیامێکی نوێ بڵاوبکاتەوە و دوای ئەوە پرۆسەی چەکدادانەکە دەست پێدەکات”.
بە گوتەی ڕووداو، “دوو سەرچاوەکە دەڵێن، لەنێوان 3 بۆ 10ـی تەممووز، ژمارەیەک گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و لەنێوان 20 بۆ 30 کەس دا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن”.
ڕووداو سەبارەت بە چارەنوسی ئەو گەریلایانەی کە چەک دادەنێن، ڕووداو گوتوویەتی:
“گەریلاکان لە رێوڕەسمەکەدا چەکەکانیان دادەنێن و دەگەڕێنەوە ئەو شوێنەی ئێستا لێیدەژین، واتە ناگەڕێنەوە نێو شارەکانیان”.
لە ڕاپۆرتە هەواڵەکەی ڕووداودا هاتووە: “ئەگەر گۆڕانی سیاسیی خێرای چاوەڕوانەکراو روونەدات، پلانی چەکدانانەکە لەکاتی دیاریکراودا وەک خۆی بەڕێوەدەچێت”.