پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە 100 ساڵەی لەسێدارەدانی شێخ سەعیددا: دەبێ دەوڵەت داوای لێبووردن بکات

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە 100 ساڵەی لەسێدارەدانی شێخ سەعیددا: دەبێ دەوڵەت داوای لێبووردن بکات

“هەر دەستکەوتێکی سیاسی، نەتەوەیی و جوگرافی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، گیان و ڕۆحی شەهیدان شاد دەکات”.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بە بۆنەی سەدەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی شێخ سەعید ڕێبەری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و هاوڕێکانی، لە ساڵی 1925دا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەیدا PWK هەم یادی شەهیدانی بەرز ڕاگرتووە و هەمیش داوای لە دەوڵەتی تورک کردووە کە داوای لێبوردن بکات و شوێنی گڵکۆکانیان ئاشکرا بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، 100 ساڵ لەمەوبەر و لە 29ی حوزەیرانی 1925دا، شێخ سەعید و 46 هاوڕێی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە گەڕەکی “دەری چیا”ی شاری ئامەد لە سێدارە دران. PWK ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم لەسێدارەدانانە دوای دادگاییکردنێکی “کۆرسان” و بە پێشێلکردنی هەموو ستانداردێکی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا بە توندی داوای کرد کە دەبێ دەوڵەتی تورک لەسەر ئەو تاوانە مێژووییانە، داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات. هەروەها داوای ئاشکراکردنی دەستبەجێی شوێنی گڵکۆی شێخ سەعید و هاوڕێکانی کرد کە ماوە سەد ساڵە شاراونەتەوە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دۆزەی شێخ سەعید و هاوڕێکانی لە پێناویدا گیانیان بەخشی، ئەمڕۆکەش بە شێوەیەکی نیشتمانپەروەرانە لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی نەوەکانیانەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوامە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر دەستکەوتێکی سیاسی، نەتەوەیی و جوگرافی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، گیان و ڕۆحی شەهیدان شاد دەکات.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، PWK لە سەدەمین ساڵەی شەهیدبوونیاندا، بە ڕێزەوە یادی شێخ سەعید و 46 هەڤاڵە شەهیدەکەی و هەروەها سەرکردەکانی دیکەی وەک خالید بەگی جبری، یوسف زیا بەگ، عەلی ڕەزا بەگ، دکتۆر فوئاد و دەیان هەزار شەهیدی دیکە بەرز ڕادەگرێت کە لە کاتی شۆڕشەکە و دوای شۆڕشەکە شەهید کراون.

پوستێن ھەمان بەش