“ئەم ناکۆکیە ساختانە بەرهەمی ئیسلامی کۆلۆنیالیست و سیکۆلاریزمی کۆلۆنیالیستن”.
لە یادی 100 ساڵەی شەهیدبوونیاندا، بە ڕێزەوە یادی شەهید شێخ سەعید و هاوڕێیە شەهیدەکانی بەرز ڕادەگرین و ڕژێمی ستەمکاری کەمالیستی شەرمەزار دەکەین، هەروەها ڕایدەگەیەنین کە ئێمە پەیڕەوانی سەردەمیانەی ئەو ڕێبازەین!
بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە پێویستە ڕاستی پشت دۆسیەی شێخ سەعید ئاشکرا بکرێت، وەک چۆن لەم جۆرە ڕۆژانەدا جارێکی دیکە مشتومڕەکان سەبارەت بەم پرسە گەرم و گوڕ دەبنەوە؛ هەندێک لایەنی عەلمانی و هەندێک لایەنی ئیسلامی هەمیشە هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکانی دۆسیەی شێخ سەعید دەدەن. لەخۆیدا ئەمە مشتومڕێکی درێژخایەنە و هەمیشە دووبارە دەبێتەوە کە ئایا دۆسیەی شێخ سەعید ئایینی بووە یان نەتەوەیی! بە دروستکردنی ململانێیەکی درۆینە لە نێوان ئیسلام و کوردستاندا، بەشێک لە حزبە ئیسلامییەکان هەوڵدەدەن دیوی نەتەوەیی ئەم پرسە وەلابنێن و هەندێک لایەنی عەلمانییش هەوڵی شۆردنەوەی دیوە ئیسلامییەکەی دەدەن.
لە ئایینی ئیسلامدا کارکردن بۆ ڕزگارکردنی میللەتێک لە چەوساندنەوە، وەک ئەرکێکی ئایینیی بۆ هەموو باوەڕدارێک دەستنیشان کراوە. واتە واجبە لەسەر هەموو باوەڕدارێکی ئیسلامی کە هەمیشە لە هەوڵ بۆ نەهێشتنی ستەم و هەروەها چەسپاندنی دادپەروەری بدات. بە هەمان شێوە ئیسلام لێرە ئەمڕۆ؛ بریتییە لە نەهێشتنی ستەم لەسەر ئەم میللەتە و چەسپاندنی دادپەروەری، کە ئەویش تەنها بە ئازادی نەتەوەیی کورد بەدی دێت. لە ڕوانگەی شێخ سەعیدەوە ئیسلام ئەمە بوو. ئەم ڕاستییە ساختەکاریی هەندێک لایەنی ئیسلامی ئاشکرا دەکات؛ واتە لە کەسایەتی شێخ سەعیددا ناتوانن ئیسلام و کوردستان جیابکەنەوە و لەدژی یەکتر نیشانیان بدەن.
بێگومان ئیسلامی شێخ سەعید لە دژی پێکەوەژیانی ئایین و مەزهەب و ئایدۆلۆژی جیاواز نەبووە و لە ڕاستیدا کەسانی سیکۆلار و عیلمانی لە نێو هەڤاڵانی شێخ سەعیددا هەبوون. بۆ نموونە کاتبەکەی شێخ سەعید، ئاتێئیست بوو. ئەم ڕاستییەش ساختەکاریی هەندێک لایەنی عیلمانیش ئاشکرا دەکات؛ واتە ناتوانن دژایەتی ئیسلام و پێکەوە ژیانی لایەنە جیاوازەکان لە کەسایەتی شێخ سەعیددا نیشان بدەن.
بە واتایەکی تر ئیسلامی شێخ سەعید لە دۆزی خۆیدا ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی ئایینی-فکریی لەناو نابات، هەروەک چۆن بوونی ئایدۆلۆژیا و ئامانجی نەتەوەخوازانەش، ئیسلامی بوونی دۆزی شێخ سەعید لەناو نابات. ئەم ناکۆکییە ساختانە، کە هەندێک لایەنی ئیسلامی و هەندێک لایەنی عیلمانی ئەمڕۆ بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە، لە ڕوانگەی شێخ سەعیددا بوونیان نەبووە. ئەم ناکۆکیە ساختانە بەرهەمی ئیسلامی کۆلۆنیالیست و سیکۆلاریزمی کۆلۆنیالیستن، کە ئەمڕۆکە لە دڵ و مێشکی زۆرێک لە کوردەکاندا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە.