“دەبێ تورکیا و دەوڵەتی تورک، لەم بوارەدا هەنگاو بنێت و دان بە مافە سیاسییە دیموکراتیکەکانی ئەم گەلەدا بنێت”.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، ئەوان لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرکردندا ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە و ئێستا نۆرەی دەوڵەتی تورکە تا هەنگاوی پێویست هەڵبگرێت.
هۆزات لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی مەدیا هابەر، پێناسەی حکومەتی تورکیای بۆ پڕۆسەکە بە توندی ڕەد کردەوە کە وەک “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبەن و گوتی: “ئەمە پێناسەیەکی زۆر هەڵەیە، ئێمە ئەم لێدوانە بە ئاشکرا ڕەتدەکەینەوە و دەبێت لە ڕۆژەڤ لاببرێت. ناوی ئەم پرۆسەیە ڕوونە: پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە”.
هاوسەرۆکی کەجەکە ئاماژەی بەوەدا کە لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە کۆنگرەی خۆیان بەستووە و بڕیاریان دا بە شێوەیەکی تاکلایەنە شەڕەکە ڕابگرن و وتی: “ئەمە هەنگاوێکی زۆر گەورە و گرنگە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی”.
سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە پێویستە تورکیا بیگرێتەبەر، هۆزات بەم شێوەیە قسەی کرد: “دەبێ تورکیا و دەوڵەتی تورک، لەم بوارەدا هەنگاو بنێت و دان بە مافە سیاسییە دیموکراتیکەکانی ئەم گەلەدا بنێت”.
بەسێ هۆزات هەروەها سەرنجی خستە سەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و وتی: “شەڕەکە جارێکی دیکە نیشانی دا کە پڕۆسەی ئاشتی چەندە گرنگ و پێویستە بۆ ناوچەکە”.