مەسرور بارزانی: بەغدا شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر پرسی مووچە

مەسرور بارزانی: بەغدا شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر پرسی مووچە

 مەسرور بارزانی بۆ گەلی کوردستان: “ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە، هیوادارم لەم چەند رۆژەدا بگەین بە ئەنجامێکی ئەرێنی و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوا و مووچەی مووچەخۆران دابین بکرێ”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “بەغدا لەم یەک بۆ دوو رۆژەدا شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی مووچە”. باسی لەوەش کرد، “گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان”.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا “سوپاسی خۆڕاگریی مووچەخۆران”ی کرد و رایگەیاند، دوو مانگە مووچەکانیان بە نایاسایی راگیراوە کە نەدەبوو ئەوان تێکەڵی هیچ جۆرە کێشەیەک بکرێن.

 لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەیشتنە رێککەوتن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچە دابین بکات؟ مەسرور بارزانی گوتی: “سەخت دەبێت، چونکە لەم ماوەیە کە نەوت راگیراوە، وایکرد داهات بەشێوەیەکی گشتی کەم بێتەوە”.

 سەرۆکوەزیران باسی لەوەش کرد، “کەمبوونەوەی داهات، جووڵەی بازرگانی و کەرتی تایبەتیش بەرەو لاوازی دەبات، بۆیە بێگومان سەخت دەبێت، بەڵام ئێمە بە هیچ جۆرێک واز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناهێنین”.

 مەسرور بارزانی زیاتر لەسەر ئەم پرسە قسەی کرد و گوتی، “بەغدا موڵکی تاکە لایەنێک نییە کە ئێمە بچین سواڵکەر بین و ئەوان خاوەن ماڵ بن، هەموومان لەم وڵاتە دەبێت یەکسان بین. خۆشمان بە خاوەن دەسەڵات دەزانین، هەموو هەوڵێکیش دەدەین بگەین بە رێککەوتن و هەموو مافەکان بە یەکسانی و دادپەروەرانە دابەش بکرێت”.

مەسرور بارزانی گوتی، ئەگەر هەر نەگەیشتنە ئەنجام لەگەڵ بەغدا، “هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە هەرچی پێمان بکرێت لە هەرێمی کوردستان بە داهاتی ناوخۆ، بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بە هەر جۆرێک بێت، نایەڵین خەڵک پەکی بکەوێت”.

 لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی خاڵی ناکۆکی هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت، سەرۆکوەزیران گوتی، کۆمپانیا نەوتییەکان داوای دابینکردنی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن. شێوازی بیرە نەوتەکان جیاوازە، خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا زۆر جیاوازە، کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی و حەقدەستی خۆیان دەکەن، ئەمە حکومەتی فیدراڵی پێویستە بۆیان دابین بکات.

 مەسرور بارزانی خەڵکی کوردستانی دڵنیاکردەوە “ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە” و باسی لەوەش کرد، “هیوادارم لەم چەند رۆژەدا بگەین بە ئەنجامێکی ئەرێنی و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوا و مووچەی مووچەخۆران دابین بکرێ، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بین حکومەت هەرچی لە توانایدا بێت لە خزمەت خەڵکی هەرێمی کوردستاندا دەبێت”.

 لەبارەی مووچەی مانگی پێنج، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، “گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی نەتوانێ بووژانەوە بکات و پێشکەوین، بۆیە داهاتی ناوخۆ بەشی هەموو پێداویستییەکان ناکات”.

 مەسرور بارزانی “دڵنیایی”دا لەوەی ئەم قەیرانە بەرەو تەواوبوون دەڕوات و گوتی “هێزی ئێمە لە پشتیوانیی خەڵکی کوردستانە”. گوتیشی، “بەهیچ جۆرێک واز لە هیچ مافێکی دەستووریی خەڵکی کوردستان ناهێنین”.

 مەسرور بارزانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت گوتی، “زۆر هەوڵمان دا بە ماوەیەکی زۆر نزیک حکومەت پێکبهێنین، ئەوەی راستی بێت دەمانەوێ حکومەتێک پێکبێت کێشەی تێدا دروست نەبێت، پەنامان نەبردە بەر حکومەتی زۆرینە، ئەگەر نا لە تواناماندا هەبوو ئەو بڕیارە بدەین. لێرەدا هەندێک بۆچوونی جیاواز هەن لەسەر پۆستەکان، لەسەر ئەجێندای حکومەت رێککەوتووین، لەگەڵ یەکێتی بۆچوونێکی هاوبەشمان هەیە و ئێستا خەریکی ئەوەین باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین”.

 سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور و ئەگەری کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی، ئەگەر دەستوور هەموار بکرێتەوە، “داوای مافی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین نەک کەمتر”.

پوستێن ھەمان بەش