ئەو 3 بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.
ئێران سزای لەسێدارەدانی سێ هاووڵاتیی كوردی بە بیانووی “سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد)”جێبەجێ كردووە كە یەكێكیان خەڵكی سلێمانییە و دوانەكەی دیش خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25/6/2025، ماڵپەڕی (هەنگاو) بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، ئێران لە شاری (ورمێ)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سزای لەسێدارەدانی سێ هاووڵاتیی كوردی بە ناوەكانی ڕەسوول ئەحمەد محەمەد /خەڵكی سلێمانی/، ئازاد شوجاعی و ئیدریس ئالی /خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان/، جێبەجێ كردووە.
هەنگاو ڕایگەیاندووە: “بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد بەناوەکانی ئیدریس ئالی تەمەن 32 ساڵ، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.
هەواڵنێرە حکومەتییەکان وەکوو هەواڵنێری میزان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایانگەیاندووە کە ئەو لەسێدارەدرانانە لە درێژەی کردەوە ڕاشکاوەکانی دەزگای دادوەری لە وەڵامی سیخوڕانی ڕژێمی زایۆنی ئەنجام دراوە.
شایەنی باسە کە ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون و بۆ ماوەی 8 مانگ لە دەستبەسەرگەدا لەژێر توندترین ئەشکەنجەکاندا داندرابوون و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرە ملێ و قەبوڵکردنی ئەو تۆمەتانەی دراوبوونە پاڵیان کرابوون و دوای 8 مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوونەوە.
ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد مانگی سێپتەمبەری 2023دا لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر قوربان شاهینی بە تۆماتی “سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل” دادگایی کرابوون و مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ هەواڵی سەپێندرانی سزای سێدارەکەیان بە فەرمی پێ ڕاگەیەندرابوو.
پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە 5ی نۆڤەمبەری 2025، ساڵێک دوای سەپاندنی سزاکەیان و تەنیا چەند ڕۆژ دوای هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە، لە لایەن وتەبێژی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەسغەر جەهانگیری، میدیایی کرایەوە. ناوبراو بەبێ ئاماژە کردن بە ناسنامەی ئەو بەندکراوانە، ڕایگەیاند کە ئەو کەسانە وێڕای “سیخوڕی”، بە بیانووی قاچاخی کحولییەکان، کەرەستەی پێویستیان بۆ تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە گواستۆتەوە.
ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە جوڵای 2023 لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گواسترابوونەوە.
ئەسغەر جەهانگیری لە کۆنفڕانسی میدیایی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە لە ڕەوتی ئەم دۆسیە لانی کەم ٨ کەس دەستبەسەر کراون کە سێ کەسیان لە قۆناغی یەکەمدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە، ڕۆژی چوارشەممە 9ی سێپتەمبەری 2020، هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی کوژرانی موحسین فەخریزادە گەمارۆی شاری بانەیان داوە و ماڵی هاووڵاتییانیان پشکنیبوو و زیاتر لە 20 کەسیان دەستبەسەر کردبوو کە ئەو کات هەنگاو ناسنامەی 9 کەسی بڵاو کردبۆوە.
موحسین فەخریزادە لە زانایانی ئەتۆمی ئێران، ڕۆژی هەینی 27ی نۆڤەمبەری 2020 لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند نزیک لە تاران کوژرا و کاربەدەستانی ئێرانی ئەو کات ئیسڕائیلیان بە ئەنجامدەری ئەو هێرشە ڕاگەیاند.