سزای تەمەلی: “هیوادارین کە وەزارەت لە ماوەیەیکی نزیکدا ئەو گرفتانە چارەسەر بکات”.
شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا کۆبووەوە و بارودۆخی زیندانەکان و کێشەی زیندانیانی نەخۆشیان تاوتوێ کرد.
شاندەکەی دەم پارتی کە لە پارلمانتارانی ئەو حیزبە گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت و سەزای تەمەلی و ئۆزتورک تورکدۆغان، وتەبێژی کۆمیسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ پێکهاتبوون، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری دادی دەوڵەتی تورک ئەنجامدا کە ماوەی یەک کاتژمێری خایاند.
دوای کۆبوونەوەکە، سزای تەمەلی، لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا و ڕایگەیاند: “کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە، چونکە کێشەی زۆر جیددی لە زیندانەکاندا هەیە، ئێمە باسمان لەو کێشانە کرد و بۆچوونی خۆمان لەسەر ئەو گرفتانە خستەڕوو، هەروەها باسمان لە دۆزینەوەی چارەسەرێک کرد. ئێمە هیوادارین کە وەزارەت لە ماوەیەیکی نزیکد کارەکانی دەستپێبکات بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بکات”.
تەمەلی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە دۆخی زیندانیانی نەخۆش کردەوە و گوتی: “ئێمە جەختمان لەسەر پێویستی ڕێگاچارەسەرێکی بەپەلە کردەوە، وەزیریش ڕایگەیاند کە ئاگاداری ئەو کێشانەیە و کاریان لەسەر دەکات. ئێمە ویستمان ئەم بابەتە بەبێ دواکەوتن بخرێتە بەرنامەی کارەوە، زیندانیانی نەخۆش لەپێناو زیندوومانەوەدا تێدەکۆشن، هەرچەندە ئەولەویەتی ئێمە زیندانییە نەخۆشەکانیش بن، بەڵام باسمان لە هەموو ئەو کارە نەرێنیانە کرد کە کاریگەرییان لەسەر هەموو زیندانییەکان هەیە”.