“پرسی سەرەکی لە تورکیادا پرسی کوردە و هەموو کێشەکانی دیکە، لایەنێکیان پەیوەندیی بەم پرسەوە هەیە”.
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەستنیشانی کرد کە چارەسەریی پرسی کورد کلیلی هەموو کێشەکانە و داوای کرد بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکرێن و دەستبەجێ زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.
ئەمڕۆ شەممە 28/6/2025، تولای هاتیمۆغولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانە کۆبووەوە کە بە فەرمانی یاسای (KHK) لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لێدوانی گرنگی سەبارەت بە ڕۆژەڤی سیاسی و پرۆسەی چارەسەری دا.
هاتیمۆغولاری لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگی چارەسەرکردنی پرسی کورد کردەوە و وتی: “پرسی سەرەکی لە تورکیادا پرسی کوردە و هەموو ئەو کێشانەی کە سەرهەڵدەدەن لایەنێکیان پەیوەندیی بەم پرسەوە هەیە”. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەرفەتێکی بەرچاو بۆ چارەسەری لەبەردەم کۆمەڵگادا هەیە، بەڵام ڕەخنەی لە دەسەڵات و دەوڵەت گرت کە لە هەڵگرتنەوەی هەنگاوی پێویستدا، بە سستی و بەخاوی دەجووڵێنەوە.
سەبارەت بە پرسیارەکانی جەماوەر سەبارەت بە پرۆسەکە، هاتیمۆغولاری وتی: “هەندێک کەس دەپرسن، ‘ئایا پرۆسەکە مردووە؟’، هەندێک دەڵێن ‘بە هێواشی دەڕوات’ و هەندێکیش دەپرسن ‘ئایا بەڕاستی دەرئەنجامەکەی بە ئاشتی و دیموکراتیزەکردن کۆتایی دێت؟’ ئەو پرۆسەیە ئێستاکە بەشیوەیەک دەرواتەپێش، بەڵام پێویستە هەنگاوی بەپەلەی بۆ هەڵبگیردرێت”.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت دەستبەجێ بگیرێنەبەر، بەمشێوەیە خستەڕوو: “هەنگاوی یاسایی و دادوەری پێویستە. هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای لەسێدارەدانی زیندانییەکان پێویستییەکی بەپەلەیە. دەبێت بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR) و دادگای دەستووری بنەرەتی جێبەجێ بکرێن و سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، جان ئەتالای و عوسمان کاڤالا دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێن”.
هاتیمۆغولاری جەختی لەوەش کردەوە کە یەکێک لە بەپەلەترین پێداویستییەکانی تورکیا دامەزراندنی سیستمێکی دادوەریی دادپەروەرانەیە.