پەکەکە گیانلەدەستدانی 6 گەریلای دیکەی پاش تێپەڕبوونی 6 ساڵ ئاشکرا کرد

پەکەکە گیانلەدەستدانی 6 گەریلای دیکەی پاش تێپەڕبوونی 6 ساڵ ئاشکرا کرد

هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و پەکەکە ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.

پەکەکە ناسنامەی 6 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2019دا لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا و خواکورکی باشووری کوردستان، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکدا گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تازە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بڵاو دەکاتەوە.

هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی یەکشەممە 29/6/2025، ناسنامەی 6 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ڕاگەیاند کە چواریان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2019دا و دووەکەی دیکەشیان لە جووتمانگی 2024دا لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

هەپەگە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو 6 گەریلایە لە چیاکانی مەتینا و خواکورک و دەڤەری زاپ لە باشووری کوردستان کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

هەپەگە ناسنامەی ئەو 6 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:

1ـ حسێن عەلی، خەڵکی قامیشلوو لە ڕۆژئاوای کوردستان.

2ـ جەعفەر جومعا، خەڵکی ئاگری لە باکووری کوردستان.

3ـ بێریڤان محەممەد، خەڵکی سێرت لە باکووری کوردستان.

4ـ یووسف جورگین، خەڵکی وان لە باکووری کوردستان.

5ـ ڕۆژبین حازم، خەڵکی شێرناخ لە باکووری کوردستان.

6ـ جڤات فوزر، خەڵکی پارێزگای مووش لە باکووری کوردستان.

پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 6 گەریلایەشی بۆ ماوەی 6 ساڵ لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردبۆوە و ئێستاش دەڵێت ئێمە هاڤاڵانی ئاپۆیی خۆمانمان لەدەستدا!.

پەکەکە ڕۆژانە وێنەی پۆلێک لە کچ و کوڕانی لاوی کورد بڵاودەکاتەوە کە لە ساڵ و مانگەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.

پوستێن ھەمان بەش