چەتەکانی پەکەکە منداڵێکی تەمەن 12 ساڵانیان لە کۆبانێ ڕفاند

چەتەکانی پەکەکە منداڵێکی تەمەن 12 ساڵانیان لە کۆبانێ ڕفاند

چەتەکانی پەکەکە ئەو منداڵەیان ناچار کردووە کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بڵێ: “بە ئارەزووی خۆم چوومەتە نێو یەپەگە و خەبات بۆ چوارپارچەی کوردستان دەکەم”.

چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵانیان لە کۆبانێ ڕفاند و بە ئامانجی چەکدارکردنی لە ناو ڕیزەکانی یەپەگەدا ڕەوانەی کەمپەکانی تایبەت بە چەکدارکردنی منداڵان کرد.

سەرچاوەکان پێگەی “دارکا مازی” ئاشکرایان کرد، گرووپە چەتەئاسای بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”، کە ڕاستەوخۆ فەرمان لە پەکەکە وەردەگرن، لە ڕێکەوتی 5/6/2025دا، کوڕێکی تەمەن 12 ساڵانیان بە ناوی “ئایدل ئەیمەن مستەفا” لە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕفاندووە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

بەپێی سەرچاوەکانی دارکا مازی، دوای ئەوەی بنەماڵەی ئەم منداڵە داوای لە بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا کرد کە منداڵەکەیان بگەڕێنێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەلایەن تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە بڵاوکرایەوە کە تیایدا ئەو منداڵە دەڵێ بە ئارەزووی خۆی پەیوەندیی بە ڕیزەکانی یەپەگەوە کردووە و کار بۆ ئازادی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات.

هەروەها سەرچاوەکانی دارکا مازی ئاشکرایان کردووە کە ئەو منداڵە ڕفێندراوە لەژێر فشار و زەختی چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”دا ئەم لێدوانەی داوە و بە ئارەزووی خۆی نەچووەتە ڕیزەکانی یەپەگە، بەڵکوو چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر” بە زۆر ڕفاندوویانە و ناچاریان کردووە ئەو لێدوانە بدات.

وەک دەزانرێت، ئەمە یەکەمجار نییە کە چەتەکانی پەکەکە بەم شێوەیە مامەڵە بکەن و منداڵانی ڕفێندراو ناچار بکەن لە هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی کورتدا بڵێن “ئێمە بە ئارەزووی خۆمان چووینەتە نێو ڕیزەکانی یەپەگە”، ئەم چەتانە پێشتر چەند جارێک منداڵانی ڕفێنراویان ناچار کردوە تا لێدوانی لەم شێوەیە بدەن.

پوستێن ھەمان بەش