نامەی گەریلایەکی دێرین بۆ پەکەکە: من لەسەر مافی خۆم، حەڵاڵتان نەکەم…

نامەی گەریلایەکی دێرین بۆ پەکەکە: من لەسەر مافی خۆم، حەڵاڵتان نەکەم...

ئێمە پێش ئەوەی ناوی پەکەکەش ببیستین کورد بووین. کوردبوونی ئێمە ئەوکات هیچ پەیوەندییەکی بە ئۆجەلانەوە نەبوو، ئێستاش پەیوەندی بە ئۆجەلانەوە نییە.

لە ڕێکەوتی 11ی تەمووزدا، گرووپێکی پەکەکە کەوا لە 30 گەریلا پێکهاتبوون، چەکەکانیان سووتاند. من بۆخۆم گەریلایەکی دێرینم. من ڕێک 20 ساڵی تەواو ئەو چەکانەم هەڵگرت کە ئاگریان تێبەردرا و سووتێندران. کاتێک کە گەریلاکان لەو ئەشکەوتەوە هاتنە خوارەوە، یادەوەرییەکانم وەکوو فیلمێک بە پێش چاومدا ڕۆیشتن. من دەمهەوێت بەم نامەیە ئەو هەستانەی خۆم دەرببڕم کە ئەمڕۆکە ئەزموونیان دەکەم.

ئەم نامەیەم بەناوی نەوەی نەوەدەکانەوە نووسیوە کە گۆڕەکانیان ونە.

ئەم نامەیەم بۆ ئەو خێزانانە نووسیوە کە لە شەڕی 41 ساڵەدا قوربانییان داوە و هەلا هەلا بوون.

ئەم نامەیەم بۆ ئەو کەسانە نووسیوە کە ئازاریان چەشتووە و زەحمەتیان کێشاوە، کەوا حەقی خۆیان لەسەر ئێوە حەڵاڵ بکەن و لە کێ حەڵاڵی نەکەن.

من مافی خۆم لە گەلی کوردستان، لە هاوسەنگەرەکانم، لە هەموو شەهیدان و ئەو کەسانەی کە هێشتا لە دڵیاندا باوەڕیان بە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ هەیە، حەڵاڵ دەکەم. بەڵام من لەو کەسانەی کە ئەو ڕێگایەی بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ کردوومانەتەوە، دەگۆڕن بەرەو “گەوەرەکردنەوەی کۆماری تورکیا و پاراستنی سنوورەکانی پەیمانی لۆزان”. من حەقی خۆم لە سەر ئۆجەلان حەڵاڵ ناکەم.

دوای ساڵانی 1990، سێ نەوەی گەنجی کورد بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی سەربەخۆ پەیوەندییان بە پەکەکەوە کرد. من یەکێک لەوانە بووم. گەنجێتی خۆم، قوتابخانەکەم، دایکم، کە لە پێناوی خۆشەویستی ئەودا ئامادە بووم بمرم، خێزانەکەم و ئەو کچەی کە زۆرۆ خۆش دەویست، هەموویانم بەجێهێشت.

نەوەی من گۆرانی “کینە ئەم- کوردین ئەم”ی شڤان پەروەری دەگوتەوە کە بە نهێنی گوێمان دەدا و حەزمان لێدەکرد

ئێمە بە گوێگرتن لە چیرۆکی بەرخۆدان لە دژی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی دیاربەکردا گەورە بووین. من لە ساڵی 1988دا شاهیدی جینۆسایدی هەڵەبجە بووم و شاهیدی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991ی خەڵکی باشووری کوردستان بووم، کە وەک زریانێک کاریگەریی لەسەر هەموو کوردستان دانا. بەو ڕقەوە، ئێمە لە ساڵی 1992دا بە دروشمی (بژی کوردستان، بمرە، کۆیلایەتی)، لە دژی تانک ـ زرێپۆش و گوللـە دەستمان بە خەبات کرد. کاتێک دەستمان بە زانکۆ کرد، لە خۆپیشاندانی قوتابخانەکاندا گۆرانی “دەیهێنێ، دەیهێنێ، پەکەکە دەوڵەتمان بۆ دەهێنێت”مان دەگوتەوە و بێ دوودڵی تفمان لە ڕووخساری دوژمن دەکرد. دواجاریش بەم هەستانەوە پەیوەندیمان بە پەکەکەوە کرد.

ئێمە تەنانەت وێنەی ئۆجەلانیشمان نەبینیبوو. ئێمە لە پێناو کوردستاندا پەیوەندیمان بە پەکەکەوە کرد. لە پەروەردەی ئێمەدا پێمان دەگوترا کە ئۆجەلان تاکە نیشتمانپەروەرە لە مێژووی کوردستاندا. بەپێی ئەو پەروەردەیە، شێخ سەعید سیخوڕ بوو، قازی محەممەد بێچارە بوو و مەلا مستەفا بارزانیش کاری بۆ ئیسرائیل دەکرد. ئەگەرچی شۆک بووین، بەڵام دەمانگوت ئەم پەکەکە گەورەیە درۆمان لەگەڵ ناکات، بۆیە بێدەنگ دەبووین.

ساڵی 1995 هاتین بۆ باشووری کوردستان. داوامان لێکرا کە لە دژی بنکەیەکی پێشمەرگە چالاکی بکەین. گوتمان: “ئەوانیش کوردن، تازە لە ستەمی سەدام ڕزگاریان بووە”. پێمان دەگوترا: “ئێوە نازانن، ئەوانە دواکەوتوون، ئەوان دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردییان ناوێت؛ ئەوان ئۆتۆنۆمییەکی بچووکیان دەوێت، هەتا ئێمە ئەوان لەناو نەبەین، دەولەتی کوردستان دانامەرزێت.”

داوامان لێکرا بچین بۆ بارزان و گوندەکان بسوتێنین. هەڤاڵێکی من پرسی: “ئێمە بۆچی ئەم بارزانیانە دەکوژین، کە ڕزگاربووی ئەنفالن؟” بەڵام فەرمانەکە توند بوو، بۆیە ئێمە گوندەکەمان سووتاند.

لە ساڵی 1999دا بیستمان کە ئۆجالان بردراوەتەوە بۆ تورکیا. بێگومان بووین کە ئۆجەلان لە سەر خەتی چەوساوەکان بەرخۆدان بکات. بەڵام ئۆجەلان وتی: “دەمهەوێت خزمەت بە دەوڵەتی تورکیای خۆم بکەم”. ئۆجەلان یەک تۆز لە بوێری و ئازایەتی ئەو ژنە گەنجانەی لە خۆی پیشان نەدا کە خۆیان دەتەقاندەوە. ئەمجارەش پێمان گوترا: “ئێوە تێناگەن؛ سەرۆک بە شێوازی کلاسیک بەرخۆدان و بەرگری ناکات”.

لە ساڵی 1999دا، گەریلاکانی باکووری کوردستان بە فەرمانی ئۆجەلان بەبێ ئامادەکاری ڕۆیشتنە باشوور. بە سەدان هەڤاڵی من لە تەنیشتی خۆمەوە شەهید بوون.

لە ساڵی 2000دا پێمان گوترا “لەگەڵ پێشمەرگەی یەنەکە شەڕ بکەین”. لەبەر ئەوەی ئۆجەلان دەیویست بۆ دەوڵەتی تورکیا بیسەلمێنێت کە پەکەکە گوێی لێدەگرێت، ڕێنماییەکان لەوێوە هاتبوون. ئێمە زیاتر لە 200 پێشمەرگەی یەنەکەمان شەهید کرد.

ئەو گەنجە کوردانەی کە لە ساڵانی 1990ـەوە، لە پێناو بنیاتنانی وڵاتێکی ئازاددا دەستیان بە خەبات و تێکۆشان کرد، ئێستاکەش لەلایەن ئۆجەلانەوە لەناو دەبرێن کە دەڵێت “دەمهەوێت خزمەت بە دەوڵەتی تورک بکەم”.

ئۆجەلان لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتدا ڕایگەیاند: “دوای ساڵانی 1990 ئیدی شەڕ پێویست نەبوو”. کەواتە بۆچی لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەوەندە گوند سووتێنران، بۆچی ملیۆنان کورد ناچاربوون ئاوارە و دەربەدەر ببن، بۆچی لەو ماوەیەدا 40 هەزار گەنجی کورد گیانیان لەدەستدا؟

بۆچی ئۆجالان لە 1ی حوزەیرانی 2004دا سەرلەنوێ شەڕی دەستپێکردەوە؟ لەو کاتەوە تا ئێستا 20 هەزار گەنجی کورد کوژراون. بۆچی، بۆچی؟

بۆچی ئۆجالان لە ساڵی 2013دا دەرکەوت و وتی “بەڕیوەبەرییەکی خۆسەر دەتوانێت ئۆتۆنۆمی ناوچەیی ڕابگەیەنێت و 50 هەزار کورد دەتوانێت لە ڕۆژێکدا بمرن” و ئێوە لە 11 شاری کوردستاندا نزیکەی سێ هەزار گەریلاتان خستە ناو خەندەقەکانەوە و بە دەستی دەوڵەتی تورک بەکوشتنتاندان؟

خوێنی 50 هەزار جەنازە لەسەر دەستی ئۆجەلانە.

پەکەکە لە ماوەی 41 ساڵ شەڕدا هیچ دەستکەوتێکی بەرچاوی بەدەست نەهێناوە. ئیدیعای ئەوەی کە “ناسنامەی کوردمان قبووڵاندووە”، درۆیە. ئێمە پێش ئەوەی تەنانەت ناوی پەکەکەش ببیستین کورد بووین. کوردبوونی ئێمە ئەوکات هیچ پەیوەندییەکی بە ئۆجەلانەوە نەبوو، ئێستاش پەیوەندی بە ئۆجەلانەوە نییە.

ئۆجەلان هیچ ئامانج و مەبەستێکی کورد و کوردستانیی نییە. تەنیا بۆ تێرکردنی ورگی خۆی هەزاران گەنجی کوردی ڕەوانەی مەرگ کردووە. سەرکردەکانی پەکەکە وەک جەمیل بایک، موراد قەرەیلان، دوران کاڵکان، مستەفا قەرەسو و عەلی حەیدەر قەیتانیش لە ناو ئەو بازنە “دژە ـ کوردە”دا دەخولێننەوە.

من بە دڵ و بە گیان داوا دەکەم کە چەکەکان دابنرێن. چیتر گەنجانی کورد نەمرن. من گەردەنی ئۆجەلان و لایەنگرەکانی ئازاد ناکەم و لەسەر حەقی خۆم حەڵاڵین ناکەم. با خوێنی 50 هەزار گەنجی کوردیش حەڵاڵ نەکرێت.

پوستێن ھەمان بەش