هەموو بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا دەڵێن ‘‘ئامانج لەم پرۆسەیە کە باسی لێوە دەکرێت، بنیاتنانی “تورکیای بێ تیرۆرە”.
هەموو پارت و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک، بە دەسەڵات ئوپۆزیسیۆنەوە، بە بێمنەتی دەڵێن، ” گۆڕانکاری لە هەر چوار ماددەی یەکەمی دەستووری بنەڕەتیی تورکیا، بە هیچ شێوەیەک مومکین نیە”.
ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و “کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی” کە لە پەرلەمانی تورکیا دامەزراوە و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و سەرجەم بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیشی دەڵێن: “ئێمە هیچ زمانێکی تر جگە لە زمانی تورکی وەک زمانی فەرمی یان وەک زمانی پەروەردە قبووڵ ناکەین. لەخۆیدا ستاتوسێکی سیاسی لە بەرنامە و ڕۆژەڤی ئێمەدا نییە و ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین”.
دەوڵەت باخچەلی دەڵێت: “ئەگەر هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە هەڵسوکەوت نەکات کە لەگەڵ دیمەشق واژۆی کردووە، بە ئیرادەی هاوبەشی ئەنقەرە و دیمەشق دەستێوەردانی سەربازی ئەنجام دەدرێت”. هەروەها هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاش بە هەمان ناوەڕۆک بە ئاشکرا هەڕەشە لە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ڕوونی دەڵێت: “دەوڵەتێکی نەتەوەیی، فیدراڵیزم، ئۆتۆنۆمی و داخوازییە کلتوورییەکان لەگەڵ حەقیقەتی مێژوویی کۆمەڵگەکەدا ناگونجێت و نەتەوەی دیموکراتیک، کۆماری دیموکراتیک و هاوڵاتیبوونی یەکسان و ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک، میتۆدی چارەسەرییە”.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو لێدوان و هەڵوێستانەی ئۆجەلان و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیاش، دەبینین سەرکردەکانی دەم پارتی، بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی کورد، بەشێکی زۆری میدیای کوردی، دەڵێن، “ئەمە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراسی و ئازادییە و گۆڕانکاری گەورە لە ڕێگایە”.
تەنانەت هەندێک کەس دەڵێن “ئۆجەلان و ئەردۆغان تاکتیک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی گەلی تورک نەترسێنن و وردە وردە قەناعەتیان پێبکەن، دەنا لە بنەڕەتدا گۆڕانکارییەکی زۆر باش بە قازانجی کورد ڕوودەدات”.
ئەگەر بە شێوەیەکی بابەتیانە سەیری مەسەلەکە بکەین، دەبینین کە خەڵکی کوردستان پشتیوانی لە چەکدانانی پەکەکە و ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن. تەنانەت دەتوانین بڵێین زۆربەی گەلی تورکیا لەم شەڕە بێزار بوون.
بێگومان چەکدانانی پەکەکە لە بەرژەوەندی گەلەکەماندایە و دەوڵەتی تورکیاش دەبێ کۆتایی بە هەموو هێرشە سەربازییەکانی لە سەر هەموو پارچەکانی کوردستان بهێنێت. ئەگەر لە جیاتی شەڕ و توندوتیژی، کار و چالاکی لە ڕێگەی میتۆدی سیاسی و مەدەنی و دیموکراتیکەوە ئەنجام بدرێت و لە ڕێگەی دیالۆگەوە بەستێنێک بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان بخوڵقێت، ئەمە دەسکەوتێک دەبێت. ئێمە پشتگیری لە هەموو هەنگاوێک دەکەین کە بەرەو ئەم ئامانجە دەگیرێنەبەر.
بەڵام ئاشکرایە کە گەلی کوردستان، ئەو پۆتانسیێڵەی کە پاڵپشتی لە دەم پارتی دەکات، لە قسە و هەڵوێستی ئۆجەلان و دەم پارتی ڕازی نین. بەهۆی ئەم ڕاستییەوەش، دەم پارتی بۆ “تەفسیر کردنی” قسەکانی ئۆجەلان، ناچار بووە کە 2000 کۆبوونەوە لەگەڵ خەڵکدا پێک بهێنێت و ڕاسێانگەیاندووە کە ئەوجۆرە کۆبوونەوانە بەردەوامییان دەبێت.
بەڵێ گۆڕانکاریی جیددی و مێژوویی و ئاڵۆزیی گەورەی ئیقلیمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕۆژەڤدایە. دەوڵەتی تورکیا ترسی ئەوەی هەیە کە ئەم گۆڕانکاری و ئاڵۆزییانە بەستێنێک بۆ ئازادی و قەوارەی سیاسی کورد بڕەخسێنێت. هۆکاری سەرەکی هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیش بۆ ئەوەیە کە ڕێگری لە دەستکەوتەکانی کورد بکات.
بێگومان دەتوانین بڵێین کە ئەم ڕامان و نیگەرانییە لە مێشکی زۆربەی کوردەکاندا چەسپاوە: ”ئامانج و مەبەستی سەرەکی لە دڵی دەوڵەتی تورکدا ئەوەیە کە هەموو شتێک بە شێوەیەک دابڕێژێت کە کورد لە هیچ پلاتفۆرمێک و لە هیچ بەشێکی کوردستاندا وەک لایەنێک بە موخاتەب وەرنەگیرێت و ئەگەر بتوانرێت هیچ قەوارەیەکی سیاسی و هیچ مافێکی کۆلەکتیڤی نەتەوەیی و هیچ دەستکەوتێک بەدەست نەهێنن یان دەستکەوتەکانیان لە نزمترین ئاستدا بێت. ئامانجی یەکەمی ئەمڕۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەگەرەکانە بۆ ئەوەی کە ڕێگری لە دەستەبەرکردنی قەوارەیەکی نەتەوەیی و جوگرافی و سیاسی و مافە کۆلەکتڤە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا بکرێت”.
بەڵێ، ئەزمونە مێژووییەکانی کورد و ئەو هەڵوێستانەی کە ئەمڕۆکە نیشاندەدرێن، ئەم بیرۆکەیە لەناو کورداندا بەهێزتر دەکەن: “دەوڵەتی تورک بەم تێگەیشتنە مامەڵە دەکات: با کورد لە هیچ شوێنێکدادایکی خۆیان نەبینن. کورد نەک تەنها لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە هیچ پارچەیەکی کوردستان و لە هیچ شوێنێک، نابێت مافی کۆلەکتیڤی نەتەوەیی و مافی دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی نەتەوەیی بەدەستبهێنێت”.
هەرچەندە ئێمە پشتیوانی لە چەکدانانی پەکەکە و وەستاندنی هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین، بەڵام بەپێی ئەو لێدوان و هەڵوێستانەی دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان کە تا ئەمڕۆ ڕاگەیاندراون، بەداخەوە ناتوانین باسی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد و ئازادی و دیموکراسی و برایەتی بکەین.
سەرەڕای ئەوەی کە ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا لە سەرجەم لێدوان و هەڵوێستەکانیاندا باس لە هیچ ماف و ئازادییەکی کورد ناکەن، بەڵام هەندێک کەس و لایەنی سیاسی دەڵێن “گۆڕانکاری گەورە بۆ چارەسەری پرسی کورد، دیموکراسی، ئازادی، دادپەروەری، ئاشتی و یەکسانی دەکرێت”. دەمەوێت لەو لایەن و کەسانە بپرسم: “ئایا ڕێککەوتنێکی نهێنی هەیە کە ئێوە ئاگادارن بەڵام لە خەڵکی دەشارنەوە، کەوا بەو ئاسانییە “هیوا دەفرۆشن”؟ ئایا ڕێککەوتنێک هەیە کە ئێوە لە 30 ملیۆن کورد لە باکوور، لە 4 ملیۆن کورد لە ڕۆژئاڤا و لە 70 ملیۆن کورد لە سەرانسەری جیهاندا دەیشارنەوە؟
بەڵێ هەموو بەشەکانی کوردان، بە بی ئەوەی کە کات بەفیڕۆ بدەن، دەبێ بە پارتە سیاسییەکانیان، بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەیی مەدەنی بڵێن: “ئێمە لایەنی کوردین، هیچ هەوڵێکی ناشەفاف قبووڵ ناکەین کە بەبێ ئاگاداری ئێمە و لەدەرەوەی ئیرادەی ئێمە بکرێت”. پێویستە لەسەر داواکارییە سەرەکییە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانیان دەسی یەکتر بگرن و بۆ ئایندەی خۆیان وەک لایەنێک، دەستپێشخەرییەک بکەن بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی ئەو بڕیارانەی کە هەندێک کەس و لایەن بە پێچەوانەی ئیرادەی ئەوان و لە پشت دەرگای داخراوەکانەوە، سەبارەت بە چارەنووسی ئەوان دەیاندەن.
07/09/2025
مستەفا ئۆزچەلیک