ئایشەگوڵ دۆغان: کۆمیسیۆن بە تەنیا ناتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات، بەڵام دەتوانێت ڕێگایەک بکاتەوە

ئایشەگوڵ دۆغان: کۆمیسیۆن بە تەنیا ناتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات، بەڵام دەتوانێت ڕێگایەک بکاتەوە

“پرسی کورد نە پرسێکی ئەمنییە و نە پرسی تیرۆرە، بەڵکوو پرسێکی بنەڕەتییە کە چەندین سەدەیە بەردەوامە”.

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، کۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی تورکیا بە تەنیا ناتوانێت پرسی سەد ساڵەی کورد چارەسەر بکات، بەڵام دەتوانێت بۆ چارەسەری “رێگەیەک بکاتەوە”.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دوێنێ شەممە 6ی ئەیلول لە ئەنقەرە وۆرک شۆپێکی گرنگی لە ژێر ناوی “پێداویستییە یاساییەکان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا” بەڕێوەبرد. لە وۆرکشۆپەکەدا کە بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران و ئەکادیمیسیەن و شارەزایانی یاسایی بەشداربوون، باس لە هەنگاوە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری کرا.

ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لە پانێلێکی وۆرشۆپەکەدا، هەڵوێستی پارتەکەی سەبارەت بە کۆمیسیۆنی ئاشتی کە لە پەرلەمانی تورکیا دامەزراوە، ڕوونکردەوە.

دۆغان وتی کە ئەوان دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانن، چونکە نوێنەرایەتی زیاتر لە 90%ی هاووڵاتیانی تورکیا دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریی دا و گوتی: “نابێ پێمانوابێت کۆمسیۆنێک کە لە 51 کەس پێکهاتووە، بە تەنیا خۆی بتوانێت ئاستەنگەکانی بەردەم چارەسەرکردنی پرسی کورد لاببات، ئەم کۆمسیۆنە ناتوانێت کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکات، بەڵام دەتوانێت ڕێگایەک بۆ چارەسەری بکاتەوە”.

وتەبێژی پارتی دەم بە توندی ڕەخنەی لە ناوەڕۆک و ڕێبازی کۆمسیۆنەکە گرت و وتی: “ناوی کۆمیسیۆنەکە وشەی ‘برایەتی’ی تێدایە، بەڵام لە پراکتیکدا ڕێگە بە دایکان نادەن بە زمانی زگماکی خۆیان قسە بکەن، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەوان ‘برایەکی لاڵ’یان دەوێت”.

دۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە هەمووان بزانن کە پرسی کورد نە پرسێکی ئەمنییە و نە پرسی تیرۆرە، بەڵکوو پرسێکی بنەڕەتییە کە چەندین سەدەیە بەردەوامە.

ئایشەگوڵ دۆغان هەروەها سەرنجی خستەسەر کەموکوڕییەکانی کۆمسیۆنەکە و ڕایگەیاند کە هێشتا نەخشەڕێگایەکی ڕوونی نییە و گوتی: “پەسندکردنی گەرەنتی یاسایی بۆ پرۆسەکە زۆر گرنگە”.

پوستێن ھەمان بەش