“شەڕ لەخۆیەوە ڕوونادات، شەڕ هۆکاری هەیە و ئەویش پرسی کوردە. دەبێ ئەو پرسەی کە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ، چارەسەر بکرێت”.
میتحەت سانجار پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وۆرکشۆپی پارتەکەی لە ئەنقەرە ڕایگەیاند کە پرۆسەیەکی سەرکەوتووی ئاشتی، بە تەنیا بە بەڵێن و قسە بەدی نایەت و جەختی لە پێویستیی “یاساکانی ئاشتی” بۆ دروستکردنی متمانە کردەوە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ لە ئەنقەرە وۆرک شۆپێکی گرنگی لە ژێر ناوی “پێداویستییە یاساییەکان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا” بەڕێوەبرد. لە وۆرکشۆپەکەدا کە بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران و ئەکادیمیسیەن و شارەزایانی یاسایی ئامادەی بوون، هەنگاوەکانی پڕۆسەی نوێی چارەسەری گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی و یەکێک لە ئەندامانی پێشووی شاندی ئیمرالی، لە وتارەکەیدا جەختی لە گرینگی بنەمایەکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی کردەوە. سانجار جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان متمانەیان بە پرۆسەکە هەبێت و ئاشتی وەک سیستەمێک جێگیر ببێت، پێویستە بنەما یاساییەکەی دابنرێت.
سانجار وتی: “متمانە بە تەنیا بە قسە و بەڵێن دروست نابێت، بناغە و متمانە بە یاسا و پلان و بەرنامەی جیددی بنیات دەنرێت، پرۆسەکە تەنها بە قسە و بەڵێن بەڕێوەناچێت”.
سێ قۆناغی سەرەکی “مافناسیی ئاشتی”
میتحەت سانجار پرۆسەکەی بە “مافناسیی ئاشتی” ناوبرد و لە سێ قۆناغی سەرەکیدا ڕاڤەی کرد:
ـ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان: “بۆ ئەمە یاسای نوێ پێویستە، بەو پێیەی کە توندوتیژی کۆتایی دێت و شەڕی چەکدارانە نامێنێت، دەبێت سیاسەت جێگەی بگرێتەوە.”
ـ چارەسەرکردنی کێشەی بنەڕەتی: “شەڕ لەخۆیەوە ڕوونادات، شەڕ هۆکاری هەیە و ئەویش پرسی کوردە. دەبێ ئەو پرسەی کە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ، چارەسەر بکرێت”.
ـ بنیاتنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک: “ئامانجی کۆتایی گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە. مافناسی و دیموکراسی شانبەشانی یەکتر دەڕۆن و تەواوکەری یەکترن”.
گرووپی کاری دەم پارتی (DEM) لە گفتوگۆکان لەسەر مۆدێلەکانی چارەسەری و پێشنیارە یاساییەکان بۆ داهاتوو، بەردەوام دەبێت.