هێزە شاراوەکانی دەوڵەتی قووڵی تورکیا دەیانویست گەلانی غەیرە موسڵمان لە تورکیا دەربکەن و دەست بەسەر ماڵ و سامانەکانیاندا بگرن.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) لە 70 ساڵەی ڕووداوەکانی 6-7ی ئەیلولی 1955دا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئەو هێرش و کۆمەڵکوژییانەی شەرمەزار کرد کە لە دژی گەلانی غەیرە موسڵمان وەک رۆم و ئەرمەنی و جوولەکە بەڕێوەچوون. پارتی وڵاتپارێزان لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە لەلایەن “هێزە شاراوەکانی دەوڵەتی تورک”ـەوە ئۆرگانیزە کرابوون.
دەقی بەیاننامەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان:
ئێمە هێرشی ڕەگەزپەرستانەی 6 و 7ی ئەیلوولی 1955 شەرمەزار دەکەین
لە ڕۆژانی 6 و 7ی ئەیلولی 1955دا بە ئۆرگانیزەکردنی هێزە تاریک و شاراوەکانی دەوڵەتی تورک و لە لایەن ڕەگەزپەرستانی تورکەوە، لە شارەکانی ئەستەنبوڵ و ئیزمیردا کۆمەڵکوژی و هێرشێکی نامرۆڤانە لە دژی خەڵکی غەیرە موسڵمان (رووم، ئەرمەنی و جوولەکە) بەڕێوەچوو.
لەو 2 ڕۆژەدا، ڕەگەزپەرستانی تورک، 15 غەیرە موسڵمانیان کوشت و نزیکەی 300 کەسیشیان بریندار کرد و دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر سەدان ژن.
جگە لەوەش لەو 2 ڕۆژەدا ڕەگەزپەرستانی تورک هێرشیان کردە سەر 4214 ماڵ و 1004 دوکان و 73 کڵێسا و کەنیسەیەک و 2 خانەقا و 26 قوتابخانە و چەندین گۆڕستان و هێرشیان کردە سەر 5317 شوێن و ناوچە کە کارگە و هۆتێل و چێشتخانە و باڕیشیان تێدا بوو و سەرجەمیان تاڵان کردن سووتاندیان و بەتەواوی کاولیان کردن.
بەم هێرشە ڕەگەزپەرستانە، هێزە شاراوەکانی دەوڵەتی قووڵی تورکیا لە لایەک دەیانویست گەلانی غەیرە موسڵمان بەتایبەت گەلی رووم لە تورکیا دەربکەن و وایان لێبکەن کە هەڵبێن و تورکیا بەجێبهێڵن؛ لە لایەکی تریشەوە دەیانویست دەست بەسەر موڵک و سەروەت و سامانی گەلانی غەیرە موسڵماندا بگرن بۆ ئەوەی سەرمایە دەست بگۆڕێت و بکەوێتە دەستی تورکان.
ئێمە لە 70هەمین ساڵوەگەڕی ئەم هێرش و کۆمەڵکوژییانەدا، هەموو ئەو هێزە شاراوە و ئاشکرایانە شەرمەزار و ڕووڕەش دەکەین کە پلانیان بۆ هێرشانە داناوە و جێبەجێیان کردووە.