ئۆجەلان: “من لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی باسی جەوهەری کێشەکان بکەم و ئێوەش بە نوێنەرایەتی منەوە لەگەڵی کۆدەبنەوە”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە، ڕەخنەی لە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە گرتووە لەسەر لێدوانەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی 2015 کە تیایدا گوتبووی: “ئەردۆغان، تا هەناسەی هەدەپە لەم وڵاتەدا مابێت، ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک، ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک، ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک”.
ڕۆژنامەنووس ئایتۆنج ئێرکین، لە ڕۆژنامەی “سۆزجو”ی تورکیا ڕایگەیاندووە، ئۆجەلان کاتێک لەگەڵ شاندی ئیمرالی کۆبووەتەوە، باسی دەمیرتاشی کردووە و ڕایگەیاندووە، دەمیرتاش هەڵەی کردووە بە وەستانەوە دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و نەدەبوو لە ساڵی 2015دا بەو شێوەیە دژی ئەردۆغان بوەستێتەوە.
ئایتونج ئێرکین باس لەوە دەکات کە لە ڕێکەوتی 6ی تەمموزدا کاتێک ئۆجەلان لەگەڵ شاندی ئیمرالی کۆبووەتەوە، باسی لە دەستبەسەرکردنی دەمیرتاش کردووە و وتوویەتی: “بابەتێکی دیکە بۆ ئەردۆغان ڕوون بکەنەوە و بیگەیەنن، باسی ئەو قۆناغە مێژووییەی بۆ بکەن، من لە قوتابخانەکانی دەوڵەتدا خوێندومە و هەتا ئێرەم هێناوە، من دەزانم دەوڵەت چۆن کوردان دەناسێت و من لەمە تێگەیشتووم، ئێمە دەتوانین دژی کەمالیستەکان کار بکەین، بەڵام شێوازی ڕێبەرێتی من جیاوازە، کاتێک دەمیرتاش بە ئەردۆغانی وت، تۆ ناکەین بە سەرۆک، ئەو هەڵە بوو. من وەک ئۆجەلان کێشەم نیە کە ئەو دەبێت بە سەرۆک یان نا، من لەگەڵ ئەردۆغاندا باسی ئەساسی کێشەکان دەکەم و لەم ڕووەوە لەگەڵیدا کۆدەبمەوە و ئێستاش ئێوە بە نوێنەرایەتی منەوە لەگەڵی کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەی من لەگەڵ ئەردۆغاندا بۆ ئەوە نیە کە حیزبێک تووشی شکستهێنان ببێت و حیزبێکی دیکە سەربکەوێت، ئەگەر ئەمە ڕووبدات، دەبێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتییەکی دیموکراتیکدا بێت. کاتێک بە ئەردۆغان دەڵێیت ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک، ئەمە هەڵەی دەمیرتاش و سری سورەیا ئۆندەر بوو، پێویست نەبوو دژی ئەردۆغان بوەستنەوە، باوەڕم وایە دەمیرتاش درکی بە هەڵەکەی خۆی کردووە”.
ئۆجەلان بە شاندی ئیمرالی وتووە: “لەگەڵ ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کۆببنەوە و سڵاوی منی پێی بگەیەنن و پێی بڵێن کە پیلانێکی مەترسیدار لەئارادایە، بۆیە دەبێت هاوپەیمانییەکی دیموکراتیک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی خۆمان لەم پیلانگێڕییە بپارێزین”.