هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و پەکەکە ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.
پەکەکە ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2019دا لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر چیای گارە لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تازە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بڵاو دەکاتەوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 19/9/2025، ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ڕاگەیاند کە لە ڕێکەوتی 16ی ژانیڤەری 2019دا لە چیای گارەی باشووری کوردستان بەکوشتنی داون هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ هەواڵی گیانلەدەستدانەکایەنی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 5 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ مادێح واجد، خەڵکی کامیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
2ـ ئومێد حەسەن، خەڵکی پارێزگای هاتای.
3ـ محەممەد سلێمان، خەڵکی مەرەش لە باکووری کوردستان.
4ـ گونای محەممەد، خەڵکی ئێلهێ لە ئیزمیر.
5ـ غالب غالب، خەڵکی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان.
پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 5 گەریلایەشی بۆ ماوەی چەند ساڵ لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردبۆوە و ئێستاش دەڵێت ئێمە هاڤاڵانی ئاپۆیی خۆمانمان لەدەستدا و ئەوان خۆیان کرد بە قوربانی ئاپۆ!.
پەکەکە ڕۆژانە وێنەی پۆلێک لە کچ و کوڕانی لاوی کورد بڵاودەکاتەوە کە لە ساڵ و مانگەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.