یادی مووسا عەنتەر لە شوێنی تیرۆرکردنەکەیدا بەرزڕاگیرا

یادی مووسا عەنتەر لە شوێنی تیرۆرکردنەکەیدا بەرزڕاگیرا

مووسا عەنتەر بە هەڵوێست و خەباتە نەتەوەییەکانی توانی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا ببێتە ڕەمزێکی نەتەوەیی.

لە ساڵیادی تیرۆرکرانی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد “مووسا عەنتەر” لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستاندا، بەرنامەیەکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو و بەشداربووان تاجەگوڵینەیان لە شوێنی تیرۆکرانەکەی مووسا عەنتەر دانا. سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی بنەماڵەی مووسا عەنتەر ڕایانگەیاند کە مووسا عەنتەر نەتەوەپەروەرێکی هێژای کورد بووە و خزمەتێکی گەورە و گرینگی بە فەرهەنگ و زمانی کوردی کردووە.

33 ساڵ لەمەوبەر و لە 20ی ئەیلولی ساڵی 1992دا، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد، مووسا عەنتەر لە تەمەنی 72 ساڵیدا لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە ئامەد گیانی لەدەستدا. لە ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی مووسا عەنتەردا، لە سەر ئەو شەقامەی کە مووسا عەنتەری تێدا تیرۆر کرا، بەرنامەیەکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران و لایەنگران و ئەندامانی بنەماڵەی موسا عەنتەر ئامادەی بەرنامەکە بوون و جەختیان کردەوە کە مووسا عەنتەر تا کۆتا ساتی تەمەنی لە خەبات لەپێناو دۆزی ڕەوای کورد و کوردستاندا بەردەوام بووە و کار و خەبات و زەحمەت و خزمەتەکانی بە کولتوور و زمانی کوردی هێژا و جێگایڕێز و بایەخن.

لە بەرنامەکەدا، دیجلە عەنتەر، کوڕی مووسا عەنتەر گوتی: “دوای شۆڕشی ئاگری لە ساڵی 1938دا لەسەر چیای ئاگری نووسرابوو کە “کوردستان مردووە و لەژێر ئەم خاکەدا کەوتووە”، بەڵام باوکم و هاوڕێکانی ئەو خاکەیان لە سەر ئەو گۆڕە هەڵدایەوە و هەنووکەش ڕامان و دۆزەکەی بە زیندوویی ماونەتەوە”.

بەشداربووانی مەراسیمی بەرزڕاگرتنی یادی مووسا عەنتەر، تاجەگوڵینەیان لە شوێنی تیرۆرکرانی مووسا عەنتەر دانا، هەروەها سیاسەتمەداران ئاماژەیان بەوە کرد کە مووسا عەنتەر بە هەڵوێست و خەباتە نەتەوەییەکانی توانی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا ببێتە ڕەمزێکی نەتەوەیی.

هەروەها محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی دیم لە ئامەد وتی: “ئاپێ مووسا وەک ڕۆشنبیرێک، وەک نووسەرێک، وەک ڕۆژنامەنووسێک کەسایەتییەکی گرنگ بوو لە ناو کۆمەڵگادا و مرۆڤێکی کاریگەر بوو، تەنانەت دوژمنیش زانیاریی لەسەر کاریگەرییەکەی هەبوو، هەر بۆیەش تیرۆر کرا”.

پوستێن ھەمان بەش