بڕیاری ئیدارەی عەفرین بۆ گەڕاندنەوەی موڵکەکان، ناڕەزایی توندی لێکەوتەوە

بڕیاری ئیدارەی عەفرین بۆ گەڕاندنەوەی موڵکەکان، ناڕەزایی توندی لێکەوتەوە

“ئەم گشتاندنانە ڕێگری لە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی کورد و موڵکەکانیان دەکا بە تایبەت لەم دۆخە ئاڵۆز و نائەمنەی کە لە بەهۆی هەواڵگریی تورکیاوە باڵی بەسەر ناوچەکدا کێشاوە”.

ئیدارەی هەرێمی عەفرین لە 18ی ئەیلولی 2025دا، گشتاندنێکی نوێی بە ژمارە (6/ت) بڵاوکردەوە کە تێیدا شێوازەکانی “گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ”ـەکانی بۆ هاووڵاتیان دیاریکردووە. بەڵام ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین لە بەیاننامەیەکدا ئەم بڕیارە و گشتاندنەکانی دیکەی وەک “هەوڵدانێک بۆ سڕینەوەی خەڵکی ڕەسەنی کورد” ناوبردووە.

ناوەڕۆکی گشتاندنە فەرمییەکە

بەگوێرەی ئەو گشتاندنەی کە بە سەرپەرشتی لیژنەی ئابووری لە باکووری سووریادا دەرچووە، پرۆسەی گەڕاندنەوەی موڵکەکان بەمشێوەیە دەستنیشانکراوە:

1- ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت موڵک و ماڵی خۆیان بگەڕێننەوە، پێویستە لە ڕێگای پارێزەری دەستنیشانکراوەوە، بەڵگەنامەی موڵک و ماڵەکانی خۆیان سەرڕاست بکەن و بە فەرمی تۆماریان بکەن.

2- دوای ئەم قۆناغە دەبێت بەڵگەنامە پەسەندکراوەکان پێشکەشی لقی لیژنەی ئابووری بکەن.

3- فەرمانگەی لق ڕەزامەندی لەسەر بەڵگەنامەکان دەدات و بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ڕەوانەی فەرمانگەی ناوەندیی لیژنەکەی دەکات.

4- لەکۆتاییدا بەگوێرەی قیدە تۆمارکراوەکان موڵکەکە بەفەرمی ڕادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە.

لە نوسراوەکەدا ناو و ژمارە تەلەفۆنی پارێزەرانی دەستنیشانکراو بۆ ناوچەکانی وەک ڕاجۆ، بلبل، جندرێس، شەرا، شیێ و سەنتەری شاری عەفرین بڵاوکراوەتەوە.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین: “ئەم گشتاندنانە ڕێگرن”

لە بەرامبەردا، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناڕەزایەتیی توندی خۆی پیشاندا و ڕایگەیاند، ئەم گشتاندنە و دوو گشتاندنی دیکە سەبارەت بە دەمساڵی زەیتوونەکاندا، بە ئامانجی زیادکردنی بار و ئاستەنگەکان لە سەر هاووڵاتیانی کورد پەسند کراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوەکەدا هاتووە: “ئەم بڕیارە نائاساییانەی وەک نامەی ژمارە 6، پرۆسەی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی هاووڵاتیان ئاڵۆزتر و دژوارتر دەکەن و بارگرانی دارایی و یاسایی لەسەر هاووڵاتیان زیاتر دەکەن، بەتایبەتی لە دۆخی سەختی ئابووری و ئەو گەندەڵیییە بەربڵاوەی کە لە ئێستادا بوونی هەیە”.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەی ئابووری کە عەبدولباقی ئەل ـ خەتیب سەرۆکایەتیی دەکات، درێژەپێدەری هەمان فەرمانگە ئابوورییەکانی پێشووی سەر بە میلیشیا چەکدارەکانە و هەروەها ئەندامانی ئێستای لیژنەکە “هەمان ئەو کەسانەن کە پێشتر لە دەستبەسەرداگرتن و تاڵانکردن و دزینی موڵک و ماڵی خەڵکی ڕەسەنی کورددا بەرپرسیار بوون”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم گشتاندنانە ڕێگری لە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی کورد دەکەن و ڕێگرن لە پڕۆسەی گەڕاندنەوەی موڵکەکان و بە تایبەت لە ڕەوشی ئاژاوە و نائەمنی سیستماتیکدا کە لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی هەواڵگری تورکیادا بەسەر ناوچەکەدا زاڵە.

پوستێن ھەمان بەش